دوو یەکەی بەرهەمهێنانی ئالیکی سەوز لە شێخان کرانەوە
K24 - هەولێر:
لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری ئاژەڵداران لە سنووری قەزای شێخان، دوو یەکەی بەرهەمهێنانی ئالیکی سەوز لە ناوچەکە کرانەوە، ئەو دوو پڕۆژەیە دەتوانن لە ماوەی شەش رۆژدا 14 تۆن ئالیکی سەوز بەرهەمبهێنن.
بۆ جاری یەکەمە دوو پڕۆژەی لەم شێوەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبکرێن و دەتوانن لەماوەی شەش رۆژدا 14 تۆن ئالیک لە جۆ بەرهەمبهێنن و لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە پێشکەشی خەڵکی ئەم ناوچەیە کراوە.
سلێمان هاشم، ئاژەڵدارێکی گوندی "ریلکێ"ـی سنووری قەزای بەردەڕەشە، هاتووە لە نزیکەوە سەیری ئەو یەکەیە بکات کە بۆ بەرهەمهێنانی ئالیکی کەسک لە گوندەکەیان کراوەتەوە و دەڵێت: زۆر سوود لە پڕۆژەکە وەردەگرین، بەشێوەیەکی بەردەام جۆ لەنێویدا دەچێنین؛ کاروانێکی ئالیکی کەسک دەدەینە مەڕ و ماڵاتمان و کاراونی دووەمیش ئامادە دەکەین، واتا بە درێژایی ساڵ گیای کەسکمان دەبێت".
خالید هاشم، ئاژەڵدارێکی دیکەی گوندەکەیە و پێیوایە کردنەوەی ئەو یەکەیەی بەرهەمهێنانی ئالیکی کەسک لە گوندەکەیان بەرهەمی شیر زیاد دەکات و سوودی زۆریان پێدەگەیەنێت.
لە یەک رۆژدا دوو یەکەی بەرهەمهێنانی ئالیکی کەسک لە قەزای شێخان کرانەوە، کە دەتوانن رۆژانە ئالیک بۆ ئاژەڵدارانی ناوچەکە دابین بکەن.
مەهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ جاری یەکەمە پڕۆژەی لەم شێوەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکرێن. دروستکردنی ئەم یەکانە سوودی زۆر بە ئاژەڵدارانی ناوچەکەیان دەگەیەنێت و بژێوی ژیانیان باشتر دەکات.