ئومێد خۆشناو: هیچ رووداوێک لە هەولێر بە تەمومژاوی ناهێڵدرێتەوە

K24 – هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت: سەرەڕۆیی و یاساشکاندن لەناو هەموو کۆمەڵگەیەک دەبێت، بەڵام هیچ رووداوێک لە هەولێر بە تەمومژاوی ناهێڵدرێتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو رووداوانەی لە ماوەی ئەم مانگە لە هەولێر روویاندا، گوتی: "ئەو رووداوانە بە هیچ جۆرێک نە گوزارشت لە بەها و ئەخلاقی خەڵکی هەولێر دەکەن نە گوزارشت لە بێهێزی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و حکومەتێک دەکات کە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە".

گوتیشی: "سەرەڕۆیی و یاساشکاندن لەناو هەموو کۆمەڵگەیەک دەبێت، سەرەڕای نیگەرانیمان ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە لە سنووری پارێزگای هەولێر هیچ رووداوێک بە تەمومژاوی نا‌هێڵدرێتەوە و ناسنامەی بکەرانی ئەو کردارانە ئاشکرا دەکرێت، یاسا بەرقرارە و ئەو کەسانەی یاساشکێنیان کردووە ئێستا لەبەردەم حوکمی یاسادان و بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن".