بایدن خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید دەکاتەوە
K24- هەولێر
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، هەفتەی داهاتوو، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ جاری دووەم خۆی کاندید دەکاتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
رۆژنامەی واشنتن پۆست و CNNی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەک بڵاویان کردەوە، کە جۆو بایدن لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی خۆی دەستپێدەکات.
رۆژنامەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بایدن لە 25ی نیسان، هەڵمەتەکەی دەست پێدەکات، کە دەکاتە ساڵیادی کێبڕکێی نێوان خۆی و ترەمپ، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2019.
بەڵام لە راپۆرتی رۆژنامەکاندا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کە پلانەکانی تیپی بایدن تا ئێستا کۆتاییان پێنەهاتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رەنگە راگەیاندنەکە دوابخرێت.
بایدن-ی تەمەن هەشتا ساڵان بە تەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا و لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا تەمەنی دەبێتە هەشتا و شەش ساڵ، تا ئێستاش پێدەچێت ترەمپ نەیاری سەرەکی بایدن بێت لە لایەنی کۆماریەکانەوە.
هەفتەی رابردوو بایدن لە گەشتەکەی بۆ ئیرلەندا تەواو بوو، دواتر نزیکبوونەوەی وادەی کاندیدبوونی بە فەرمی بۆ هەڵبژاردنەکانی 2024 پشتڕاستکردەوە.
بایدن پێش گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "پلانم ئەوەیە کە جارێکی دیکە خۆم کاندید بکەمەوە" بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشکرد، " بەم زووانە ئەمە رادەگەیەنین".
ترەمپ لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بەڵێنیدا کە "هەرگیز نەکشێتەوە" لە کێبڕکێی کۆشکی سپی سەرەڕای ئەوەی بە تۆمەتی تاوانکاریی تۆمەتبارە، گوتیشی: بایدن مافی ئەوەی نییە جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە.