هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان ئاگربەستی 72 کاتژمێریان راگەیاند
K24 - هەولێر
هێزە سەربازییەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان رازیبوون بە ئاگربەستی مرۆیی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر، کە لە کاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ هەینی دەستپێدەکات.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکدا، بڕیاریاندا، " ئاگربەستی مرۆیی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر، هاوکات بێت لەگەڵ جەژنی پیرۆزی رەمەزان و بۆ کردنەوەی رێرەوی مرۆیی." لەلایەکی دیکەوە سوپای سودان تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هەنگاوە بڵاونەکردۆتەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەیە:-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی خێرا
لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆییەکان رێککەوتین لەسەر ئاگربەستێکی مرۆیی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر، لە کاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆوە دەست پێدەکات.
هەروەها ئاگربەستەکە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی پیرۆزی رەمەزان و کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بۆ ئەوەی هاووڵاتیان، دەرفەتیان هەبێت سڵاو لە کەسوکارەکانیان بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا هیچ لێدوانێک لەلایەن نە فەرماندەکەی سوپا، لیوا عەبدولفەتاح بورهان، بڵاونەکراوەتەوە و باسی ئاگربەستی نەکردووە.
سەندیکای پزیشکانی سوودان رایگەیاند، لە دەستپێکی شەڕی سوودانەوە تاوەکو ئێستا 243 کەس سڤیل کوژراون، هەروەها 1335 کەسی دیکە بریندار بوون.