سوودانی فەرماندەیەکی نوێ بۆ فەرماندەیی فیرقەی تایبەت دیاریده‌كات

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق | وێنه‌: AP
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق | وێنه‌: AP

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرماندەیەیەکی نوێ لە شوێنی حامید زوهێری، فەرماندەیی فیرقەی تایبەت دیاریده‌كات، کە بەهۆی کەمتەرخەمیکردنی لە ئەرکەکەی لە دۆسییەی هەڵاتنی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری وەقفی سوننییەوە لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە.

ئەمڕۆ (شەممە 22ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) میدیای فه‌رمی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا روکن وەلید خەلیفە تەمیمی بۆ پۆستی فەرماندەیی فیرقەی تایبەت راسپاردووە.

رۆژی (پێنجشەممە 20ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە بەشداری وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی دیكه‌ی هێزە ئەمنییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد.

 لە کۆبوونەوەکەدا کۆی گشتی پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق گفتوگۆی لەسەر کرا و یەکێک لە تەوەرەکان تایبەت بوو بە دۆسییەی هەڵاتنی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری وەقفی سوننه‌ی عێراقی لە گرتووخانەی بنکەی پۆلیسی کەڕادە مەریەم لە بەغدا، کە تۆمەتبار بوو بە خراپبەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی.

سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری لەکارلادانی حامید زوهێری، فەرماندەیی فیرقەی تایبەتی دا بەهۆی کەمتەرخەمیکردنی لە ئەرکەکەی و نەگرتنەبەری رێكکاری پێویست سەبارەت بە دۆسییەکەی سەرۆکی پێشووتری وەقفی سوننی عێراق.

 هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دا لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە بکرێت کە لەم دۆسییەیە کەمتەرخەم بوونە و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و هاوکات جارێکی دیكه‌ هەڵسەنگاندن بۆ ئەرک و ئەدای دەزگا ئەمنییەکان بکرێتەوە.

لە بەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا سوودانی بڕیاری داخستنی بنکەی پۆلیسی کەڕادە مەریەمی دا لە ناوچەی سەوز، کە هەڵاتنەکەی تێدا روودابوو.