رۆژنامەی فۆربێس لیستی ناوی دەوڵەمەندەکانی رووسیا بڵاودەکاتەوە

ئاڵای رووسیا
ئاڵای رووسیا

K24 - هەولێر:

رۆژنامەی "فۆربێس"ـی چاپی رووسی ئاماژەی بەوە کردووە، دەوڵەمەندانی رووسی بە پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاساییبوونەوەی ئەو زیانە گەورەیەی لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیادا کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەریانکەوت، توانیویانە لە ماوەی ئەم ساڵدا بڕی 152 ملیار بخەنە سەر سامانەکانیان.

رۆژنامەی فۆربێس لە لیستەکەی ئەمساڵی تایبەت بە ملیاردێرەکاندا، ناوی 110 ملیاردێری رووسی لەخۆگرتووە، لە کاتێکدا لە ساڵی رابردوودا 88 ملیاردێری لەخۆگرتبوو، واتە لە ماوەی ئەم ساڵدا 22 ملیاردێری نوێ ناویان لە لیستی ملیاردێرەکاندا هاتووە و کۆی گشتی سەرمایەی هەر 110 ملیاردێرەکەش بۆ 505 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، لەو کاتەی لە ساڵی 2022ـدا کۆی گشتی سەرمایەی ملیاردێرە رووسییەکان 353  بووە.

فۆربێس ئاماژەی بەوە کردووە، لیستی ناوی ملیاردێرە رووسەکان بۆ ساڵی 2023 هێشتا زیاتر دەبوو، بەڵام پێنج لە ملیاردێرە رووسەکان یۆری میلنەر دامەزرێنەری "دی. ئێس. تی گڵۆباڵ"، نیکۆڵای ستۆرۆنسکی دامەزرێنەری "ریڤۆڵت"، تەیموور تۆرلۆڤ دامەزرێنەری "فریدیۆم فاینانس" و هەریەک لە سێرگی دیمیتریڤ و ڤالێنتین کیبیاتفکۆڤ دوو لە دامەزرێنەرانی بەشدار لە کۆمپانیای "گێت برێنز" دەستبەرداری رەگەزنامە رووسییەکانیان بوون، کە ئەمەش وایکردووە لیستی ملیاردێرە رووسەکان لە 115 ملیاردێر بۆ 110 ملیاردێر کەم بکات.

رۆژنامەکە هەروەها روونیکردووەتەوە، سامانی ملیاردێرە رووسەکان بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیا بریتی بووە لە 606 ملیار دۆلار.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌ سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.

Fly Erbil Advertisment