کەسێک بە تۆمەتی ساختەکردنی ناسنامە بۆ ئەندامانی پەکەکە لە شنگال دەستگیرکرا

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، کەسێک لە قەزای شنگال بە تۆمەتی ساختەکردنی ناسنامە دەستگیکراوە کە تاوەکو ئێستا چەندین ناسنامەی بۆ ئەندامانی پەکەکە لە شنگال دروستکردووە.

ئەو سەرچاو ئەمنییە بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، دوای ئەوەی لیژنەیەکی ئەمنی پارێزگای نەینەوا بەدواداچوونیان بۆ پرسی ساختەکردنی ناسنامە کرد کەسێكیان بەناوی (ن. ح.) دەستبەسەر کردووە کە لە ناحیەی گرعوزێر فەرمانبەر بووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئەمنییەی کوردستان24، دادگای هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای نەینەوا بڕیاریداوە بە زیندانیکردنی ئەو کەسە بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو، دوای ساغکردنەوەی تۆمەتی ساختەکردنی ناسنامەی باری شارستانی بۆ پێنج کەس لە ناحیەی گرعوزێر.

هەروەها نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کارە نایاساییانە تەنیا بە ئامانجی تێکدانی دۆخی شنگال ئەنجامدەدرێت کە هەوڵ دەدرێت خەڵکی نا عێراقی لەرێگەی دەرکردنی ناسنامەی ساختەوە بکرێن بە عێراق و داواشیکرد، یاسا رۆڵی خۆی لە یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە ببینێت.

لەلایەن خۆیەوە، ماجد شنگالی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، ئەو جۆرە کارانەی لە شنگال دەکرێت مایەی قبوڵکردن نییە و هەر کەسێک لە پشتەوەی ئەو کارانەیە دەبێت بە سزای یاسایی خۆی بگات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ساختەکردنی ناسنامە و دەرکردنی ناسنامەی عێراقی بۆ ئەو کەسە ناعێراقییانەی لە شنگالن کارێکی نوێ نییە و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووی لە زیادکردن کردووە، بۆیە ئێستا تیمێکی تایبەت کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکات و هەموو ئەوانەشی بەشداربوون لەو کارەدا رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.