کەشناسی رەوشی کەشوهەوای دوو رۆژی راگەیاند

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک کاتدا تاوە باران و هەورە بروسکە دەبێت.

بەشی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەشێوەیەکى گشتى هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دابارینی نمە باران لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم، لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، کاریگەری دابارین سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەست پێدەکات و لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات بەشێوەی تاوە باران و بروسکە دەبێت رێژەی دابارین پێشبینی دەکرێت بڕێکی مام ناوەند ببارێت. کاریگەری دابارین لە کاتەکانی ئێوارە کەم دەبێتەوە تەنها لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم نەبێ بۆ بەیانی سێشەممە دەمینێتەوە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی سێشەممە ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت دابارین لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەردەوامی دەبێ بەشێوەی نمە باران پاشان لە کاتەکان ئێوارە دەگۆڕێت بۆ تاوە باران و بروسکە بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی ئەم ناوچەیە، کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە کاتەکانى درەنگانى شەودا کۆتایى دێت کەشەکە جێگیر دەبێتەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 24 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 20 پلەى سیلیزى
دهۆک: 23 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 27 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 21 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 24 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 28 پلەى سیلیزى