لایەنە شەڕکەرەکانی سوودان ئاگربەستێکی 72 کاتژمێرییان راگەیاند

بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی خەرتوومی پایتەختی سوودان دوای پێکدادانەکان لەنێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023 | Marwan Ali / AP
بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی خەرتوومی پایتەختی سوودان دوای پێکدادانەکان لەنێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023 | Marwan Ali / AP

K24 - هەولێر:

سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بە نێوەندگیری ئەمەریکا ئاگربەستی نوێی 72 کاتژمێرییان راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و بۆ کردنەوەی رێڕەوی هاوکاری مرۆیی و ئاسانکاری هاتوچۆی هاووڵاتییان و دانیشتوانی ناوچەکە و گەیشتن بە نەخۆشخانە و ناوچە ئەمنییەکان بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکان و گواستنەوەی نوێنەرانی دیپلۆماسیی، بڕیاردراوە لە کاتەکانی نیوە شەوەوە ئاگربەستی مرۆیی 72 کاتژمێری رابگەیەندرێت.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ئامادەی هاریکارین بۆئەوەی بیانییەکان و نوێنەرانی دیپلۆماسیی بەشێوەیەکی سەلامەت وڵاتەکە جێبهێڵن، لەو ماوەیەی ئاگربەستەکە هەیە پابەندی ئەوە دەبن و هاتووە؛ ''هۆشداری دەدەین بە لایەنی بەرامبەر کە بەهۆی پابەندنەبوونی بە ئاگربەست بەردەوامە لەسەر پێشێلکاریی''.

بەرپرسێکی سەربازیی سوودان بە کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری راگەیاند، سوپا بە نێوەندگیری ئەمەریکا ئاگربەستێکی سێ رۆژی پەسەند کردووە.