تەندروستی هەولێر: لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا هیچ کەسێک بە گووللـە بریندارنەکراوە

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر

K24 - هەولێر:

بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵی و گرژی لەنێوان ژمارەیەک هاووڵاتی کە هاوەڵی نەخۆشێک بوون لەگەڵ کارمەندانی پرسگەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە لەو رووداوە هیچ کەسێک بە گوللـە بریندارکرابێت.

گەنجۆ شێرزاد، بەڕێوەبەری کارگێری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ تەقەیەک لە گرژییەکانی بەردەم نەخۆشخانەکە نەکراوە و ئەوەی روویداوە لە ئەنجامی ئەوەی ژمارەیەک هاوەڵی نەخۆش ویستییانە بەدەر لە رێنماییەکان بچنە ژوورەوە.

بەڕێوەبەری کارگێری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر گوتیشی، دوای ئەوەی ئێوارەی چوارشەممە (26ـی نیسانی 2023) ئافرەتێک کە لە رووداوێکی هاتووچۆ برینداربووە و دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەکە، ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار و هاوەڵانی نەخۆشەکە هەوڵیانداوە بەزۆر و دوور لە رێنماییەکانی سەردانیکردنی نەخۆش بچنە ژوورەوە، لە ئەنجامدا دەمەقاڵی و پاڵەپەستۆ لەنێوان ئەو هاووڵاتییانە لەگەڵ کارمەندانی پرسگە و زێرەڤانییەکان کە پاسەوانی نەخۆشخانەکە دەکەن دروستبووە و لە ئەنجامدا سێ کەس بە سووکی لە ئەنجامی دروستبوونی ئەو پاڵەپەستۆ دروستکردنە بۆ چوونەژوورەوە برینداربوونە کە یەکێکیان کارمەندی نەخۆشخانەیە و ئەوانیتر هاووڵاتیین و ئێستا تەندروستی هەموویان باشە.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دوابەدوای پابەندنەبوونی کەسوکاری نەخۆش بە رێنماییەکانی  نەخۆشخانە و پێشلکردنی یاساکان، وەکو هەمیشە حاڵەتێکی گرژی لەنێوان کەسوکاری نەخۆش و فەرمانبەرانی پرسگە دروستبووە".

هەروەها تەندروستی هەولێر جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە، "لەئێستادا دۆخەکە ئاساییە و هیچ کەسێک بەگووللـە بریندار نەکراوە.

Fly Erbil Advertisment