لە سوودان تەقە لە فڕۆکەیەکی گواستنەوەی تورکی دەکرێت

فڕۆکەیەکەی گواستنەوەی تورکی
فڕۆکەیەکەی گواستنەوەی تورکی

K24 – هەولێر:

لەکاتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی تورکی لە باکووری خەرتوومی پایتەختی سوودان، تەقەی لێدەکرێت و وەزیری بەرگری تورکیاش رایدەگەیەنێت، فڕۆکەکە توانیویەتی بە ئاسایی بنیشێتەوە و زیانەکانی زۆرنین.

ئەمڕۆ هەینی (28ـی نیسانی 2023)، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لەکاتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی گواستنەوە لە جۆری سی-130 بە چەکی سووک تەقەی لێکراوە و بەگوێرەی راپۆرتەکان فڕۆکەکە بەشێوەیەکی ئاسایی نیشتووەتەوە و زیانەکانی زۆر نین.

وەزیری بەرگری تورکیا راشیگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سوودان دەکەن و پرۆسەی گواستنەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بەردەوامە و تائێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمارنەکراوە.

خولوسی ئاکار گوتیشی، "لەکاتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی گواستنەوە لە جۆری سی-130 لە فڕۆکەخانەی وادی سەیدنا لە باکووری خەرتووم، بە چەکی سوک تەقەی لێکراوە. هیچ زیانێکی گیانی بە کارمەند و سەرنشینان نەگەیشتووە، تەنیا زیانی ماددی بە فڕۆکەکە گەیشتووە و لە داهاتوودا تیمێکی تایبەت بۆ چاککردنەوەی دەچنە سوودان".

وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا پرۆسەی دەستنیشانکردنی زیانەکان و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و دواتر بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە وەردەگرن. ئاشکراشیکرد، فڕۆکەیەکی دیکەی تورکی لە پۆرتسوودان بەردەوامە لە گواستنەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی.