ئێران و سعوودیە باڵیۆزخانەکانیان لە پایتەختی یەکدی دەکەنەوە

K24 - هەولێر:
وەزیری دەرەوی ئێران رایدەگەینێ داوای لە هاوتا سعوودییەکەی کردووە سەردانی تاران بکات، لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی سعوودییە پێشوازی لە داواکارییەکەی کردووە.
ئەمڕۆ (هەینی 28ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)، حوسێن ئەمیر عەبدوللاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان رایگەیاند، داوەتنامەیەکی لەلایەن فەیسەڵ بن فرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی سەردانی ئەو وڵاتە بکات و بەخۆشحاڵییەوە داوەتنامەکەی پەسند کردووە و بەمزووانە سەردانی ریاز دەکات.
عەبدوللاهیان هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هەردوولا رێککەوتوون لە چەند رۆژی داهاتوودا باڵیۆزخانە و کونسۆڵگەرییەکانیان لە ریاز و تاران بکەنەوە، هاوکات باسی لەوە کرد، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتان بەگشتی و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەتایبەتی لەپێشینەی ئەرک و کارەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەتی.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە عێراق و عوممان رۆڵی گرینگ و ئەرێنییان هەبووە لە بەیەکگەیشتنی ئێران و سعوودییە و گەڕانەوەی پەیوەندییەکانیان.
لە مانگی ئازاری ئەم ساڵدا، بە نێوەندگیری چین سعوودیە و ئێران بۆ یەکەمجار لە دوای حەوت ساڵدا، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان راگەیاند.
دوو رۆژ لەمەوبەر رەزا فاتمی ئەمین، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی و کانزاکانی ئێران، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعوودییەی راگەیاند.