وەزیری دەرەوەی ئێران: بە یەک رێککەوتن دەتوانین قەیرانی کارەبای لوبنان چارەسەر بکەین

کۆنگرەی رۆژنامەوانی حوسێن ئەمیر عەبدوللاهیان،  وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا | چوارشەممە 22ـی شوباتی 2023 | وێنە: Hadi Mizban / AP
کۆنگرەی رۆژنامەوانی حوسێن ئەمیر عەبدوللاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا | چوارشەممە 22ـی شوباتی 2023 | وێنە: Hadi Mizban / AP

K24 - هەولێر:

حوسێن ئەمیر عەبدوللاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی ئاشکرا کرد، تەنها بە یەک رێککەوتن دەتوانن قەیرانی کارەبا لە لوبنان چارەسەر بکەن، بەڵام کێشەی سەرەکی لێرەدا فشاری ئەمەریکا و مەترسی سەپاندنی سزایە.

وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوەی لە 26ی نیسان سەردانی لوبنانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیروتی پایتەخت کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و دەربارەی گرنگترین بابەتەکانی ناو رۆژەڤ دوا.

ناوبراو هەڵوێستی تارانی لە بەرامبەر دیاری کردنی 14مین سەرکۆماری لوبنان خستەڕوو کە وێڕای ئەوەی لە 31ی تشرینی یەکەمی 2022ەوە تا ئیستا 11 دانیشتنی پەرلەمان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا لایەنەکان لەوبارەیەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، گوتیشی: "لە میانەی کۆبوونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان، ئەوەم پێڕاگەیاندن کە ئێران پشتیوانی لەوە دەکات کە لایەنەکانی لوبنان لەناو خۆیاندا بگەنە رێککەوتن".

عەبدوللاهیان، جەختی لەوەشکردەوە، ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستیوەرنەداوەتە کاروبارەکانی دیاری کردنی سەرکۆماری لوبنان.

حوسێن ئەمیر عەبدوللاهیان، باسی لەوەشکرد کە ئێران دەتوانێت قەیرانی وزە-کارەبا لە لوبنان چارەسەر بکات و رایگەیاند: "تەنها بە یەک رێککەوتن دەتوانین قەیرانی کارەبا لە لوبنان چارەسەر بکەین بەڵام کێشەی سەرەکی لێرەدا فشاری ئەمریکا و مەترسی سەپاندنی سزایە. پێویستە ئەوە لەبیرنەکرێت کە هەمیشە سزاکانی ئەمریکا شکستدێنن. وەک چۆن سزاکانیان لە ئێران و عێراق و هەندێک وڵاتی دیکە شکستیان هێنا".