حه‌ویجه‌ له‌ كه‌ركووك داده‌بڕێندرێت

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پرۆژه‌یه‌ك ئاماده كراوه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/03fa4de3-fdad-4347-b7f8-9877a16dc570/dabrany%20hawyje.ism/manifest

K24  - كه‌ركووك:

پرسی دابڕینی حەویجە لە کەرکووك جارێکی دیکە دەخرێتەوە بەرباس, ئەمە لە کاتێکدایە پێشمەرگە و سوپای عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە, پاش یەکلاکردنەوەی شەڕی گه‌یارە.

کورد دەیەوێت بەھەر شێوەیەك بێت, حەویجە لە بڕیارە سیاسیەکان داببڕێت, چونکە بە بوونی حەویجە ئەگەری سەرکەوتنی ڕیفراندۆم قورس دەبێت, ئایيندەی کەرکووکیش مەترسی دەکەوێتە سه‌ر، بەو ھەنگاوانەی کورد, تورکمان ڕازيیە و عەرەبیش دابڕینی حەویجە لە کەرکووك رەت دەکاتەوە و کەرکووك بەشارێکی عێراقی دەزانن.

لایە کوردییەکانیش بەجیا قسە لەسەر ئايیندەی ئەو ناوچەیە دەکەن کە لەبنەڕەتدا خاکی کوردستانە, بەڵام لەشاڵاوی تەعریبدا دیموگرافیای گۆڕدرا و ئێستا ھیچ کوردێکی تێدا ناژی لە مانگی شەشی 2014شەوە لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعشدایە.

لەئەگەری کۆنترۆڵ کردنەوەی حەویجە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەو شارۆچکەیە دەگەڕێتەوە سەر پارێزگای کەرکووك, بەشێك لەلایەنە کوردییەکان ئەمە بەمەترسی دەزانن لەسەر پرسی ریفراندۆم, ئەم پیاوە کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە, پێشنیازی ئەوە دەکات کە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم حەویجە بکرێت بە پارێزگایەك و لە کەرکووك داببڕێت, بەڵام ھەر لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستاندا بمێنێتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕانیش پێشووتر پرۆژەی دابڕينی حەویجەی لە کەرکووك خستە بەردەم لایە کوردییەکان, بەڵام ھەر زوو رەتکرایەوە, چونکە لایە کوردیيەکان دەڵێن راستە حەویجە کوردی تێدا ناژیت, بەڵام خاکەکەی کوردستانيیە و پێویستە لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستاندا بمێنێتەوە.

بەشێك لە تورکمانەکان پێشوازی لە پرۆژەی دابڕینی حەویجە دەکەن, بەو پێیەی تورکمانەکان لە کەرکووك, دەبنە دووەم نەتەوە, بەڵام پێکھاتەی عەرەبی دابڕینی حەویجە بە ھەنگاوی سیاسی دەزانێت و دژی دەوەستنەوە.

شارۆچکەی حەویجە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووك و 70 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەوە  دوورە و  450 ھەزار کەسی تێدا دەژی, زۆربەی دانيشتووانی ئەو ناوچەیە لە ھۆزەکانی جبوور و عوبێد و شممەر و دلێمن, سەرجەمیشیان عەرەبی سووننە مەزھەبن و یەکێکە لە گەورەترین شارۆچکەکانی عێراق لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتووانیەوە, پێش ھاتنی داعشیش بەناوچەیەکی مەترسیدار بۆ کەرکووك دادەنرا, چونکە زۆربەی کردەوە خۆکوژیيەکان لە حەویجەوە ڕەوانە دەکرا.