کۆریای باکوور: سەردانەکەی سەرۆکی کۆریای باشوور بۆ واشنتن هەڵگیرساندنی شەڕی ئەتۆمیە

پیۆنگ یانگ
پیۆنگ یانگ

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور رایگەیاند، سەردانەکەی یون سیۆک یول، سەرۆکی کۆریای باشوور بۆ واشنتن و گفتوگۆکانی لەگەڵ جۆ بایدن، هەراسانکردنێکی شەڕانگێزانەیە، کە شەڕی ئەتۆمی دەوروژێنێت.

بەگوێرەی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور، "ئەم سەردانەی یون سیۆک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور، پلانی لەناوبردنی وڵاتەکەمانی هێنایە ئاراوە، کە هەراسانکردنی دوژمنکارانەترین و شەڕانگێزترین سەردانە، ئەمە گەشتێکە بۆ گڕگرتنی شەڕێکی ئەتۆمی زۆر مەترسیدار.

ئاژانسەکە ئەوەشی راگەیاندووە، "دامەزراندنی گرووپێکی راوێژکاری ئەتۆمی و گفتوگۆکردن لەسەر بەکارهێنانی هەموو هێزە ئەتۆمییەکان، زیادکردنی ژێردەریاییە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا لە نزیک نیمچە دوورگەی کۆریا، هەروەها مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان، بۆ هەمووان روونی کردەوە، کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەنجامدانی شەڕی ئەتۆمی دژی ئێمە بە راست دەزانن".

پێشتریش سەرۆکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کرێکارانی کۆریا، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی رێبەری ئەو وڵاتە، سەردانەکەی سەرۆکی کۆریای باشووری بۆ ئەمەریکا شەرمەزار کرد، جۆو بایدنی بە "پیاوێکی پیر و بێ ئایندە" ناوبرد.

هاوکات دوای کۆبوونەوەی نێوان بایدن و یۆن سۆک یۆل، راگەیەندراوێک واژۆکرا، کە بەپێی ئەو راگەیەندراوە گرووپێکی راوێژکاری دوولایەنە سەبارەت بە پرسەکانی پلاندانانی ئەتۆمی سەبارەت بە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور دادەمەزرێنرێت، میکانیزمە نوێیەکە رێگە بە سیئۆل دەدات لەوە تێبگات کە واشنتن چۆن مامەڵە لەگەڵ پلاندانانی گرنگی رووداوە مەترسیدارەکاندا دەکات.