دۆخی ناوخۆیی سوودان بازرگانییەکی نوێی لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە

سوودان
سوودان

K24  - هەولێر:

خێزانێکی سوودانی رایگەیاندووە، ئەوان لەنێو ئەو هەزاران کەسەدان کە لە سنووری میسر گیریان خواردووە، چونکە شۆفێران داوای ٤٠ هەزار دۆلار دەکەن بۆ بەکرێگرتنی پاسێک بۆ ئەوەی گەشت بکەن بۆ ئەو دیوی سنوور.

فادی ئەلعەتەبانی بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاند، لە سنووری میسر گیریان خواردووە، شۆفێران داوای 40 هەزار دۆلار دەکەن بۆ گواستنەوایان بۆ ئەو دیوی سنوور، هەروەها راشیگەیاند، خێزانەکەی کە ژنێکی تەمەن 88 ساڵ لەخۆدەگرێت لە شارۆچکەی سنووریی وادی حەلفەوە شوێنی مانەوەیان نییە.

تەنها ئەو کەسانەی بە پاس گەشت دەکەن و مۆڵەتی تایبەتیان هەیە بۆیان هەیە سنوور ببڕن. لە کاتێکدا پەڕینەوە بە پێ قەدەغەیە، ئەو خێزانە حەوت کەسییە کە سێ منداڵی خوار تەمەنی دە ساڵیان هەیە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە شەڕی خەرتومی پایتەخت هەڵاتبوون، زۆربەی ئەندامانی خێزانەکە خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانین داوای یارمەتی لە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەکەن.

ئەلعەتەبانی، گوتیشی: "ناتوانم گەرەنتی تەندروستی منداڵەکانم لێرە بکەم، ئێمە لە ناوەڕاستی بیابانداین، دەمەوێت حکومەتی بەریتانیا هاوکاریم بکات، یان پاسێکمان بۆ دابینبکات بۆ بەزاندنی سنوور".

فادی عەتابانی شۆفێرانی پاسە ناوخۆییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە سوودیان لەو دۆخە نەگبەتە وەرگرتووە کە سەرنشینەکان خۆیان تێدا بینیوە.

جەختی لەوەشکردەوە، لە ڕۆژانی ئاساییدا 3 هەزار دۆلاری تێدەچێت بۆ بەکرێگرتنی پاس، بەڵام لەو ماوەیە خەڵک 40 هەزار دۆلار دەدەن بۆ بەکرێگرتنی پاس بۆ ئەو دیوی سنوور".

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا بۆ بی بی سی ڕایگەیاندووە، "بە چڕی کاردەکات بۆ چۆڵکردنی هاوڵاتیانی بەریتانیا، لە سەرەتای سەرهەڵدانی توندوتیژی لە سودان، لە ژینگەیەکی زۆر ئاڵۆز و ناجێگیردا".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، تا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 897 کەس لە فڕۆکەخانەی وادی سەیدنە گواستراونەتەوە.

شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و گروپی نیمچە سەربازی، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە ١٥ی نیسانەوە دەستیپێکرد. لەو کاتەوە تا ئێستا بە سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار بوون.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی سێ ڕۆژە، کە ڕۆژی پێنجشەممەش ئاگربەستەکە نوێکرایەوە، سەرەڕای ئەمەش لە هەندێک ناوچە پێکدادان بەردەوامە.

Fly Erbil Advertisment