سەرۆککۆماری ئێران بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران

K24 - هەولێر

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 3/5/2023، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق، کە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ ئەو وڵاتە.

بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئێران لە ناوچەی مززە لە ناوەڕاستی دیمەشق، چەند رۆژێکە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکە دەکرێت.

میدیاکانی ئێران و سووریا بڵاویانکردەوە، سەردانەکەی رەئیسی ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، هەروەها شاندێکی باڵای سیاسی و ئابووری یاوەری دەبێت.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا "سانا" بڵاویکردەوە، رەئیسی چاوی بە هاوتا سوورییەکەی بەشار ئەسەد دەکەوێت و گفتوگۆ سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دۆسیە سیاسی و ئابوورییە هاوبەشەکان دەکەن.

رۆژی سێشەممە، 2ی ئایاری 2023، عەلی بەهادری جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، سەردانەکەی رەئیسی لەسەر بانگهێشتی بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا بووە، ئەمەش بۆ هەردوو وڵات گرنگییەکی ستراتیژی هەیە و ئامانجیشی ئابوورییە.

ئەم سەردانە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری ئێرانە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، سەرەڕای ئەوەی لە 2011ەوە،  پاڵپشتیەکی گەورەی ئابووری، سیاسی و سەربازی پێشکەش بە دیماشق کردووە.

بەرە جیاوازەکانی سووریا لە ساڵی 2019ـەوە، تارادەیەک هێور بوونەتەوە، هەرچەندە شەڕ کۆتایی نەهاتووە، لە ئێستادا هێزەکانی حکومەت کۆنترۆڵی زۆربەی ئەو ناوچانەیان کردووە کە لە سەرەتای شەڕەکاندا لەدەستیان دابوو، راکێشانی پارە بۆ قۆناغی ئاوەدانکردنەوە بووەتە ئەولەویەتی دیمەشق.

Fly Erbil Advertisment