كریستیانۆ پێشه‌نگی جیهانی به‌ مێسی چۆل كرد

کریستیانۆ رۆناڵدۆ توانی پێشه‌نگی 10 پڕداهاترین وەرزشوانانی جیهان له‌ 2023 به‌ لیۆنێل مێسی چۆڵ بکات و ببێتە خاوەنی زۆرترین داهات له‌ جیهان.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ داهاتەکەی لە ساڵی رابردوو 136 ملیۆن یۆرۆ بووە، هەروەها لە دوای کریستیانۆ هەر یەکە لە مێسی و کیلیان ئێمباپێ لە پلەی دووەم و سێیەمی پڕداهاترین وەرزشوانانی جیهان دێن.

ساڵانێکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی لە دەرەوەی یاریگاکانیش رکابەری یەکتری دەکەن و دوای ساڵێک دۆن توانی لە رووی داهاتەوە پێش لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئارجێنتینا بکەوێتەوە و ببێتە خاوه‌نی پڕداهاترین وەرزشوانی ساڵ له‌ جیهان.

گۆڤاری فۆربێسی ئەمریکی لیستێکی نوێی لە 10 پڕداهاترین وەرزشوانانی جیهان بڵاوکردەوە و لەم لیستەدا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ پێشەنگی بە لیۆنێل مێسی چۆڵکرد و بووە خاوەنی زۆرترین داهات کە داهاتەکەی بە 136 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2023 دەخەمڵێندرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ بوو کاتێک رۆناڵدۆ ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد جێهێشت و چووە یانەی نەسری سعوودیە. هەرچەندە کوالیتی دۆن بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو دابەزیوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە.

هاوکات لەگەڵ لیستی زۆرترین مووچەی وەرزشوانانی جیهان، گۆڤاری فۆربێس ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە ساڵی 2023دا 136 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە، کە کۆی داهاتەکەی بووە لە مووچە و پاداشت و بابەتی گواستنەوەی، دۆن پارەیەکی بەرچاوی لە گرێبەستی سپۆنسەرەکان و بەشداریکردن لە بەرنامەکانی ڕیکلام و کەیسەکانی دیکەی هاوشێوەدا بەدەستهێناوە.

لیۆنێل مێسی کە دوایینجار لە پلەی یەکەم بوو داهاتەکەی 130 ملیۆن دۆلار بوو، ئه‌مساڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی نوێی 10 پڕداهاترین وەرزشوانانی جیهان دێت و داهاتی ئەو یاریزانە نە کەمی کردووە و نە زۆری کردووە، واتە هەر وەکو خۆی ماوەتەوە.

چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر مێسی هاوشێوەی رۆناڵدۆ روو لە خولی سعوودیە بکات، ئەو کات پێشەنگایەتی بە رکابەرەکەی چۆڵ بکاتەوە، چونکە دەنگۆیەک هەیە یانەی هیلالی سعوودی ئامادەیە 400 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی بکات کە دوو هێندەی مووچەکەی کریستیانۆیە.

لە پلەی سێیەمی 10 پڕ داهاترین وەرزشوانانی جیهان، کیلیان ئێمباپێ هێرشبەرە لاوەکەی یانەی پاریس سانجێرمان دێت و ئەو یاریزانە ساڵی رابردوو داهاتەکەی 120 ملیۆن یۆرۆ بووە، ئەمەش بەهۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی بووە.

10 پڕداهاترین وه‌رزشوانانی جیهان له‌ 2023
10 پڕداهاترین وه‌رزشوانانی جیهان له‌ 2023