سەروەت و سامانی کچەکەی سەرۆکی پيشووی زیمبابۆی هاووڵاتییانی وڵاتەکە شۆک دەکات

بۆنا لەگەل مۆگابی باوکی و گریسی دایکی
بۆنا لەگەل مۆگابی باوکی و گریسی دایکی

K24 - هەولێر

بە گوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، نووسراوە یاساییەکانی دۆسیەی جیابوونەوەی کچەکەی رۆبەرت موگابی سەرۆکی پێشووی زیمبابۆی، ئاشکرای کردووە، کە کچەکەی سەرۆکی ئەو وڵاتە خاوەنی 25 موڵکی نیشتەجێبوون و کۆشکێکە لە دوبەی، کە بەهای کۆی گشتی نزیکەی 80 ملیۆن دۆلارە.

بۆنا موگابی، مانگی ئاداری ساڵی رابردوو داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی، سیمبا موتساهۆنی چیکور فڕۆکەوانی پێشووی کردووە، دەشڵێت: چیکور دەیەوێت ئەو سەروەت و سامانەی نێوانیان دابەش بکەن، کە 21 کێڵگەش لەخۆدەگرێت.

بۆنا موگابی تائێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم تۆمەتانە سەبارەت بە موڵک و ماڵی خۆی نەداوە، بەڵام دەتوانێت لە دادگا ئەو وەڵامانە بداتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی موگابی بە "بی بی سی" راگەیاندووە، سەرۆکی پێشوو لە کاتی کۆچی دواییدا هیچ شتێکی بە ناوی خۆیەوە نەبووە، هەرچەندە 10 ملیۆن پاوەندی لە وڵات وەرگرتووە وەک بەشێک لە مووچەی خانەنشینییەکەی.

سەرچاوەکە پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا بۆنا موگابی هەموو ئەو سەروەت و سامانانەی هەیە کە هاوبەشە پێشووەکەی باسی کردووە.

سەرەڕای ئەمەش هاووڵاتیانی زیمبابۆی شۆک و توڕەیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو بڕە سەروەت و سامانەی کە تەنها یەکێک لە منداڵەکانی سەرۆکی پێشووی زیمبابۆی هەیەتی.

بەپێی نووسراوە جیابوونەوەکە، بۆنا خاوەنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها و کەرەستەی کشتوکاڵی و سەدان هەزار دۆلاری کاشە.

دەگوترێت بنەماڵەی موگابی بەشێک لەو 21 کێڵگەیەیان کڕیوە لە سپی پێستەکان لە سەرەتای ساڵانی 2000، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی یاسای ئەو وڵاتە رێگە بە هەر هاوڵاتییەک دەدات تەنها خاوەنی یەک کێڵگە بێت.

چیکور جەختی لەوە کردەوە، ئەو سەروەت و سامانانەی لە نووسراوەکانی جیابوونەوەدا باسی کردووە، نوێنەرایەتی دڵۆپێک لە زەریایەک دەکەن، بە بەراورد بەو سامانەی کە هاوسەرەکەی راستەوخۆ خاوەندارێتی دەکات.

تا ئێستا دیار نییە کەی کۆتایی بە دۆسیەی جیابوونەوەکە دێت کە لەلایەن دادگایی هەراری پایتەخت زیمبابۆی.

مۆگابی لە ساڵی 1980ەوە لە سەربەخۆیی زیمبابۆیەوە تا ساڵی 2017 حوکمڕانی دەکرد، هەروەها لە ساڵی 2019 دا، لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، گرەیسی  هاوسەری و کچەکەی بۆنا و سێ کوڕی لەسوای خحی جێهێشت.

 

Fly Erbil Advertisment