خەفاجی: لە دوای 17 ساڵ یەکەم جارە جەژن بەبێ کردەوەی تیرۆریستی تێپەڕێت

تەحسین خەفاجی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان
تەحسین خەفاجی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان

K24- هەولێر

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند: جوڵەی رێکخراوە تیرۆریستیەکان کەمبوونەتەوە، هەروەها ژمارەی ئەندامانی ئەو چەتانە ئێستا لە عێراق زۆر کەمن.

تەحسین خەفاجی گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: "ژمارەی تیرۆریستان لە ئێستادا لە عێراق بەهۆی هێرشە ئاسمانییە وردەکان و ئۆپەراسیۆنە جۆراوجۆرەکان زۆر کەمبووەتەوە".

گوتیشی: "ئەمساڵ بۆ یەکەم جارە لەماوەی 17 ساڵی رابردوو، مانگی پیرۆزی رەمەزان و جەژنی رەمەزان بەبێ ئەوەی رووداوی تیرۆیستی بەرامبەر هاووڵاتیان و هێزەئەمنیەکان ئەنجامبدرێت تێپەڕی".

گوتەبێژی فەرماندەیی عێراق جەختیشی لەوەکردەوە: "تیرۆریستان لە ناوچە شاخاوییەکان و شوێنە سەختەکان خۆیان حەشارداوە وەک دۆڵەکانی وادی زغیتون و وادی شای، زنجیرە چیای حەمرین، هەروەها بیابانی ئەنبار و باشوری رۆژئاوای نەینەوا".

دەشڵێت: "هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە هێرشەکان بۆسەر چەتەکان، چونکە چەتەکان لە وڵاتەکەدا ئیفلیج بوون".