ئەمەریکا پلانێک بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەژموونی چین دادەنێت
K24 - هەولێر
سیناتۆرەکانی ئەمەریکا پلانێکیان راگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموون و کاریگەرییەکانی چین لە جیهاندا بە مەبەستی رێگریکردن لە گواستنەوەی وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیا و هەر هێرشێک بۆ سەر تایوان.
رابەری زۆرینەی ئەنجومەنی سیناتی دیموکراتەکان چاک شومەر گوتی: "حکومەتی چین هیچ سنوورێک دانانێت لە هەوڵەکانی بۆ زاڵبوون بەسەر سەدەی بیست و یەکدا و ئەگەر ئێمەی ئەمەریکی لەسەر پشت پشوو بدەین و رێگە بە پارتی کۆمۆنیستی چین بدەین شکستمان پێ بهێنن، ئەوا دەرئەنجامی گەورەی دەبێت بۆ وڵاتانی دیموکراتی جیهان".
شۆمەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لەگەڵ 11 بەرپرسی دیکە، پلانێکی پێنج خاڵی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێبڕکێکردنی چین روونکردەوە.
دیموکراتەکان دەڵێن "بەرپرسان بیر لە سنووردارکردنی چین دەکەنەوە بۆ دەستگەیشتن بە داهێنانەکانی ئەمەریکا لە بواری زیرەکی دەستکرد و بوارەکانی تری تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا".
شومەر گوتیشی: "وەزارەتی خەزێنە و بازرگانی ئەمەریکا پێداچوونەوە دەکات بۆ راگرتنی لێشاوی پارە بۆ پیشەسازییە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکانی چین.
هەروەها ئەو 11 بەرپرسەی ئەمەریکا بەنیازن پشتیوانی لە کۆمپانیا بچووکەکانی ئەمەریکا بکەن و پرۆسەی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی ئاسایشی نیشتمانی وەبەرهێنانی بیانی لە ئەمەریکا بەهێز بکەن.
پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا بەردەوامە لە خراپبوون، لەگەڵ ئەوەی هەردوو وڵات رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە لە بوارەکانی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ و تەنانەت سەرچاوەی کۆڤید-19.
پلانەکە پێشنیاری رێگریکردن لە هێرشەکانی چین بۆ سەر تایوان لەخۆ دەگرێت، کە چین بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت، تایوان یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەری چیپی ئەلیکترۆنی( نیمچە گەیەنەر) لە جیهاندا.
شۆمەر ئەوەشی گوت: دەستپێشخەرییەکە لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی لیژنەی کاروباری دەرەوەی سینات دەبێت، واتە کۆماریەکان و دیموکراتەکان، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات.
ساڵی رابردوو، کۆمسیۆن 4.5 ملیار دۆلاری پەسەند کرد بۆ بەرگریکردن لە تایوان لە ماوەی چوار ساڵدا.