ئەردۆغان سزای چوار زیندانی هەڵوەشاندەوە

ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24- هەولێر

رۆژنامەی زەمانی تورکیا، بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سزای چوار زیندانی هەڵوەشاندەوە، کە تۆمەتبار بوون بە تۆمەتی تیرۆر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر و کوشتن و کودەتا بەندکرابوون.

رۆژنامەی زەمانی تورکیا دەڵێت: "لێبووردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی وڵات بڵاوکراوەتەوە، کە هەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانیکردنی "سەدات سالیک" کە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە زینداندایە و "نیهات ئیلیمان" کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە زینداندایە".

ئەردۆغان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانی هەتاهەتایی "محەمەد ئەمین ئەلبوسەوی" دەرکردووە، لەسەر کەیسەکەی رێکخراوی "حیزبوڵڵا"ی تورکیا، هەروەها سزای هەتاهەتایی "شێتین سانەر" هەڵوەشاندەوە کە لە دۆسیەی کودەتاکەی 28 شوباتەوە تێوەگڵاوە.

بڕیارەکەی لێخۆشبوونی ئەلبوسەوی دوای ئەوە دێت کە ئەردۆغان ماوەیەک لەمەوبەر هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی "ئەلهودا"ی کوردی باڵی سیاسی "حیزبوڵڵا" تورکیا کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا.

شایانی ئاماژەیە کە حیزبوڵڵای تورکیا کۆمەڵێکی کوردن، زۆربەی چالاکییەکانیان لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵە، لەوێ یارمەتی خەڵک دەدەن بۆ ئەنجامدانی خولی ئاینی، نێوەندگیری دەکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان، و لە ئێستادا هەوڵدەدات تێکەڵ بە سیاسەتی تورکیا بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە"پارتی هودا"ی دامەزراندووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان ئەنجام داوە.

بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و گشتی تورکیا لە 14ی ئایار بەڕێوە بچێت.