پەرلەمانتارێکی هۆڵەندا: سەردانەکەی زیلنێسکی بۆ هۆڵەندا گونجاو نییە

ڤلادیمێر زیلێنسکی لەکاتی گەیشتنی بە هۆڵەندا
ڤلادیمێر زیلێنسکی لەکاتی گەیشتنی بە هۆڵەندا

K24- هەولێر

پەرلەمانتارێکی هۆڵەندا رایگەیاند، سەردانەکەی ڤۆلۆیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ هۆڵەندا گونجاو نیە و رەتیشی دەکاتەوە بەشداری کۆبوونەوەکانی بکات.

کارۆلین ڤان دێر پلاس، پەرلەمانتاری هۆڵەندی و سەرۆکی پارتی جووتیارانی راستڕەوی هۆڵەندی، گوتی:  "پێم وایە سەردانەکەی زیلێنسکی گونجاو نییە بۆ هۆڵەندا، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانم راگەیاند کە بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەم لەگەڵ زیلێنسکی".

پێشتر مییدیاکان رایانگەیاندبوو، شەوی رابردوو زیلێنسکی لە فڕۆکەخانەی شیفوڵ لە هۆڵەندا دابەزیووە، ئەمڕۆش لەگەڵ مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کۆبووەوە.

رۆژنامەی پۆلیتیکۆ بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لاهای دەکات.

ساڵانە هۆڵەندا لە رۆژی 4ی ئایار یادی ئەو سەربازانە دەکاتەوە کە لە جەنگی جیهانی دووەم کوژراون، هەروەها رۆژی 5ی ئایار هۆڵەندییەکان ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆیی لەژێر دەستی ئەڵمانییەکان لە ساڵی 1940 تا 1945.