لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وادەی پەسەندکردنی بودجە ئاشکرا دەکات
K24 - هەولێر:
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پشتڕاستی دەکاتەوە، ڕەنگە پەسەندکردنی یاسای بودجە لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
مستەفا نسەییف کڕعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاشکرای کردووە، قسەکردن لەسەر تێپەڕاندنی بودجە لە 10ی مانگی ئایاردا زۆر قورسە، ئێمە پێویستمان بە کاتێکی زیاترە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاساکە لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەمەبەستی ئەنجامدانی هەموارکردنەوە بۆ یاساکە بە ئامانجی کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی.
جەختی لەوە کردووەتەوە، رەنگە پەسەندکردنی یاسای بودجە کۆتایی ئەم مانگە بێت یان سەرەتای مانگی داهاتوو، بە جۆرێک راگەیاندنی ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی پێش ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، پێمان وایە زۆر قورسە، بۆیە پێویستمان بە کاتی زیاترە بۆ هەموارکردنەوەی بودجە.