وه‌زاره‌تی كۆچبه‌رانی عێراق: 26 كه‌مپی ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن

ژماره‌یه‌ك ئاواره‌ی شنگال له‌ كه‌مپی شاریا له‌ دهۆك | وێنه‌: كوردستان24
ژماره‌یه‌ك ئاواره‌ی شنگال له‌ كه‌مپی شاریا له‌ دهۆك | وێنه‌: كوردستان24

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق ژماره‌ی كه‌مپه‌كان و ئاواره‌كانی بڵاوكرده‌وه‌.

عه‌لی عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی به‌شه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، به‌ ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، له‌هه‌رێمی كوردستان 26 كه‌مپی ئاواره‌كان هه‌ن و 16ـیان له‌ دهۆك، شه‌ش كه‌مپ له‌هه‌ولێر و چواریش له‌ سلێمانییه‌.

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ روونیكرده‌وه‌، 36 هه‌زار خێزان له‌و كه‌مپانه‌ ده‌ژین، كه‌ زۆربه‌یان ئاواره‌ی شنگال، نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار، دیاله‌ و سه‌لاحه‌ددینن.

پێشتریش رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران وه‌كو پێویست ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ ناكات.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدابوو، لە سەدا 50ـی ئەو پەنابەرانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن، گوتیشی: بەداخەوە بارودۆخ هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و رێکارەکان وەک پێویست نین، بۆئەوەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

رێبەر ئەحمەد داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵه‌تی کرد، ئەرکی هاوکاریکردنی پەنابەران بۆ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان جێنەهێڵن.

وەزیری ناوخۆ دووپاتیشیكردبووه‌وه‌، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق زۆر نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

Fly Erbil Advertisment