وێنه و پێناسی نیشته‌جێبوونی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا بڵاوكرایه‌وه
كه‌سێكی نزیكی زانیاری نوێ له‌باره‌ی ئه‌نجامده‌ره‌كه ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
وه‌لید حه‌مۆ، ئامۆزای هاوسه‌ری محه‌مه‌د بوهیلال ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی نیسی فه‌ره‌نسا، ئاماژه به‌وه ده‌كات، بوهیلال هه‌رگیز موسڵمانێكی پابه‌ند نه‌بووه و هاتووچۆی مزگه‌وتیشی نه‌كردووه.
وه‌لید حه‌مۆ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بوهیلال هه‌میشه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌بووه و به‌رده‌وام لێیداوه، هه‌روه‌ها ماده‌ی هۆشبه‌ریشی به‌كارهێناوه و گۆشتی به‌رازی خواردووه، بۆیه ئه‌و موسڵمان نه‌بووه و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كردووه كه له ئایینی ئیسلامدا قه‌ده‌غه كراون".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، هه‌رگیز نوێژی نه‌كردووه و سه‌ردانی مزگه‌وته‌كانیشی نه‌ده‌كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام له هاوسه‌ره‌كه‌ی داوه و كێشه‌ی له‌گه‌ڵدا هه‌بووه، له یه‌ك جیابوونه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د بوهیلال، به‌ره‌گه‌ز تونسییه و خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌ی فه‌ره‌نسییه و له شاری نیس ژیاوه.
دوێنێ شه‌و، 14 له‌سه‌ری 15ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، له‌و كاته‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك به مه‌به‌ستی ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ی رۆژی سه‌ربه‌خۆیی فه‌ره‌نسا (باستیل)، له‌و شاره كهناراوییهی فه‌ره‌نسا كۆببوونه‌وه، بوهیلال به بارهه‌ڵگرێكه‌وه هێرشی كرده سه‌ریان و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 84 كه‌س كوژران و 200 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
دواتر بوهیلال له‌لایه‌ن پۆلیسی فه‌ره‌نساوه ته‌قه‌ی لێكراو كوژرا.

.jpg)