خەلیل غازی: تا 20ـی ئەم مانگە هەموو رێکارەکانی تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجە تەواو دەبێت

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەسەر بەردەوامی کارەکانی لیژنەکە بۆ پەسەندکردنی بودجە کردەوە و رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن تا 20ـی ئەم مانگە هەموو رێکارەکانی تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجە تەواو بێت و ئامادەبێت بۆ دەنگدان.

رۆژی هەینی (5ـی ئایاری 2023)، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، تا 20ـی ئه‌م مانگه‌ هه‌موو رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ته‌واو ده‌بن و له‌ كاتێكی نزیكدا له‌ په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێندرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و خاڵانه‌ش چاره‌سه‌ر بكه‌ن کە ئێستا بوونەتە جێی ناکۆکی لەنێوان لایەنەکان و لەبارەی پشكی هه‌رێمی کوردستانیشەوە روونیکردوە ئەوان هەست وه‌ك پێویست نییه و لە گفتوگۆکاندا هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.

خەلیل غازی روونیکردەوە، هه‌ر ده‌ستكارییه‌ك له‌ بڕگه‌ و مادده‌كانی پرۆژه‌ یاساكه‌دا بكرێت، هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نابێت.

بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆتایی هات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.