عێراق داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکبوونی دیجلە و فورات

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغدا
محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغدا

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی کرد بۆ چارەسەرکردنی دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات.

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا، کە رۆژی شەممە لە بەغدای پایتەختی عێراق دەستیپێکرد، رایگەیاند، "دۆسیەی ئاو لە هەموو وڵاتانی جیهان هەستیار و گرنگ بووە، قەیرانی ئاو لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی دوژمنایەتی رژێمی پێشوو لەگەڵ هاووڵاتیان ئاشکرا نەبووە".

سوودانی: ئێمە کێشەکانی ئاومان لە رژێمی پێشووەوە بە میرات بۆماوەتەوە، هەروەها نەبوونی هۆشیاری ئیداریش بەردەوام بووە تا گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە حکومەتەکەی دۆسیەی ئاوی لە ئەولەویەتەکانی خۆی داناوە و پێویستە کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چارەسەر بکەین.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتیشی: "رێکخستنی پلانی کشتوکاڵی زستانە لە رێگەی شێوازەکانی ئاودێری مۆدێرن لە چارەسەرە سەرەتاییەکاندایە"، هەروەها پلانی کشتوکاڵی داهاتوو سنووردارە بەو جووتیارانەی کە شێوازی ئاودێری مۆدێرن بەکاردەهێنن".

هۆشداریشى دا "کەمى ئاو هەڕەشەیە بۆ سەر کولتوور و شارستانیەتى عێراق هەروەها هەوڵی بەدەستهێنان و دەستەبەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە و یەکسانن.

عەون دیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و چارەسەری قەیرانی ئاو کردەوە، دەشڵێت: "ئاو یەکێکە لەو سەرچاوە گرنگانەی ژیان کە لە ئێستادا لە مەترسیدایە".

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "کۆنفرانسی ئاو دەرفەتێکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم سەرچاوەکانی ئاو و دۆزینەوەی چارەسەر لەسەر بنەمای هاوکاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی".

لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، سوودانی لەگەڵ عەلی ئەکبەر محرابیان، وەزیری وزەی ئێران گفتوگۆی ئەنجامدا سەبارەت بە دۆسیەی کارەبا، دابینکردنی کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانیی عێراق لە ئێرانەوە، کەمیی سەرچاوەکانی ئاو و کاریگەرییەکانی وەرزی وشکەساڵی .

عەلی ئەکبەر محرابیان، وەزیری وزەی ئێران لەگەڵ وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کۆبووەوە،  لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاند، ئێران ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ عێراق، هەروەها بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی ئاوی نێوان هەردوو وڵات، محرابیان ئاماژەی بەوەدا، کەمی ئاو گرفتێکە کە هەموو گەلان و وڵاتانی ناوچەکە لێی ئاگادارن، بەشێکی بۆ نەبوونی باران و بەشێکی دیکەش بۆ خراپ بەڕێوەبردن دەگەڕێتەوە".