عێراق دوو پلە لە ریزبەندی وڵاتانی خاوەن 'هەرزانترین نرخی بەنزین' دەگەڕێتەوە دواوە

K24 - هەولێر:
بەگوێرەی نوێترین ریزبەندیی ماڵپەری “global petrol parices”، عێراق دوو پلە لە ریزبەندی وڵاتانی خاوەن 'هەرزانترین نرخی بەنزین' گەڕاوەتە دواوە.
ماڵپەری “global petrol parices” ریزبەندی مانگانەی 170 وڵاتی لەسەر ئاستی جیهان بڵاوکردووتەوە، کە بە 'نرخێکی هەرزان' بەنزین بە هاووڵاتییان و بازرگانییەکانیان دەفرۆشن و بەگوێرەی لیستەکە، عێراق دوو پلە بەراورد بە مانگی رابردوو (نیسان) گەڕاوەتە دواوە.
بەگوێرەی ئەو ریزبەندییەی بڵاوکراوەتەوە، عێراق لە کۆی ئەو 170 وڵاتەی بەنزین بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشن، لە ریزبەندی 11ـەم بۆ ریزبەندی 13ـەم دابەزیوە. هۆکارەکەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی یەک لیتری بەنزین بۆ 573 سەنت لە مانگی ئایار (پێنج) گەڕێندراوەتەوە.
لە ریزبەندییەکەدا فەنزوێلا لە ریزبەندی یەکەم هاتووە، کە یەک لیتری بەنزین بە 4 سەنت بە هاووڵاتییانی دەفرۆشێت و هەر یەک لە ئێران، لیبیا، ئەنگۆلا، جەزائر، کوێت و میسر پلەکانی دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم و حەوتەمیان گرتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، نرخی بەنزینی حکومی گۆڕانکاری تێدا کرا، بەجۆرێک بەنزینی پاڵاوگەکانی کار و لاناز کرایە یەک نرخ.
گۆرانکارییەکە بەم شێوەیە بوو، بەنزینی 690 دیناری پاڵاوگەی کار کە تایبەت بوو بە تەکسی و پاس و پیکاب نرخەکەی بووە 750 دینار بۆ هەر لیترێک.