لە هێرشێکدا بۆ سەر پەرستگایەکی جوولەکەکان لە دوورگەی جەربەی تونس سێ کەس کوژران

وێنەیەکی نێو پەرستاگەکە - ئەرشیف
وێنەیەکی نێو پەرستاگەکە - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

لە ئاکامی هێرشێكی چەکداری بۆسەر پەرستگای غریبەی جوولەکەکان لە دوورگەی جیربە لە تونس سێ کەس کوژران و نۆی دیکەیش برینداربوون.

وەزارەتی ناوخۆی تونس لەوبارەیەوە رایگەیاند، کەسێک پاش ئەوەی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی کوشتووە، چەکەکەی هەڵگرتووە و بەرەو پەرستگایەکی جوولەکەکان رۆشتووە و لەوێ دوو سەردانیکەری پەرستگاکەی کوشتووە، دواتر لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.

باسی لەوەشکرد، هێشتا نازانرێت هۆکاری هێرشەکە بۆسەر ئەو پەرستگایە چی بووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە، هاوکات ئەو نۆ کەسەی لە ئاکامی هێرشەکە برینداربوون، پێنجیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوەکرد، حکومەتی تونسی شکستی بەهەوڵێکی کۆمەڵکوژی جووەکان لەو وڵاتە هێناوە.