نێچیرڤان بارزانی: پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی پەیامێکی دڵسۆزانە بوو بۆ برایەتی و پێکەوەبوون

K24 – هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان پەیامێکی دڵسۆزانە بوو، بۆ برایەتی و پێکەوەبوون، هیواشی خواست هەموو لایەنەکان بە پیر پەیامەکەی سەرۆک بارزانییەوە بێن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە لە کردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە لێرە، بۆیە دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەم کە بیرۆکەیان خاستووەتەڕوو بۆ دروستکردنی ئەم مۆزەخانەیە، لێرەشەوە پێویستە ناوی کەسێک بێنم کە زۆر ماندوبووە ئەویش سیروان بارزانییە کە زۆر ماندووە بووە، ئەم مۆزەخانەیە زۆر گرنگە و سەرچاوەیەک دەبێت بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا موعانات و مێژووی گەلەکەی خۆیان بزانن، بۆ ئەوەی بزانن ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە بەرهەمی ئەو خەبات و مێژووەیە".

نێچیرڤان بارزانی، گوتی: "پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی پەیامێکی هەتا بڵێی دڵسۆزانە بوو، پەیامەکەی روون بوو، بۆ برایەتی و پێکەوەبوون، داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد پێکەوە دابنیشن، هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکان بە پیر ئەو پەیامە دڵسۆزانەی سەرۆک بارزانییەوە بێن و هەموومان ئەوەی پێمان دەکرێت بۆ ئاشتی و تەبایی پێکەوە بیکەین".