بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگری عێراق چۆنیەتی پلان دانانی تیرۆرکردنی جۆرج بوش ئاشکرادەکات
نهێنی هەوڵێکی هەواڵگری عێراق بۆ تیرۆرکردنی بۆش ئاشکرا دەکرێت
K24 - هەولێر
سالم ئەلجومەیلی، ئەفسەری هەواڵگری سەردەمی بەعس لە بەشی سێيەمی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا رایگەیاند، پێش ساڵی 1980 دەزگای هەواڵگری عێراق لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکاندا چالاکی روون و ئاشکرای نەبوو، جگە لە بەئامانجگرتنی کەسایەتییە فەلەستینییەکان، کە رێگای خۆ رادەستکردنەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل بە هاوکاری "سەبری ئەلبەنا ئەبو نیدال" و کەسایەتییە عێراقییەکان کە دوژمنی حیزبی بەعس بوون، کە لە لایەنە سەرەکییەکانی بەشداربووی شۆڕشی 17ی تەمموزی 1968 بوون.
گوتیشی: سەدام حوسێن دوای 30ی حوزەیرانی هەمان مانگ ئەو کەسانەی دەر کردوون و چونەتە دەرەوەی عێراق و لەوێ نیشتەجێ بوون، بەم شێوەیە عەبدولغەفار تکریتی جێگری سەرۆک کۆماری پێشوو و وەزیری بەرگری، کە لە ساڵی 1971 لە کوەیت تیرۆر کرا، هەروەها عەبدولڕەزاق نایف، سەرۆک وەزیران دوای گەڕانەوەی بەعس بۆ دەسەڵات، کە لە ساڵی 1978 لە لەندەن تیرۆرکرا، بەهەمان شێوە هەوڵی تیرۆرکردنی د.ئەیاد عەللاوی سەرۆک وەزیرانی دوای رووخانی بەعس، لە ساڵی 1978 لەلایەن ئەفسەری ئۆپەراسیۆنەکان (م.ج)ەوە.
جومەیلی دەشڵێت: لە راستیدا ئۆپەراسیۆنەکە ئەوە بوو کە ئێمە پێی دەڵێین سەربڕین، بە فەرمانی سەدام حوسێن بوو، نەک ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردن، چونکە هێرشبەرەکە بۆ کوشتنەکە تەور بەکاردەهێنێت نەک چەکەکەی، راستییەکە ئەوەیە کە جێبەجێکار ئازایەتی و توانای ئەوەی هەیە کە ئەرکەکانی بە وردبینی جێبەجێ بکات، لە ماوەی کارکردنی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا هیچ شکستێکی بەسەر نەهاتووە، هیچ ئەرکێکی پێنەسپێردراوە تاوەکو کەسەکەی کوشتووە، ئینجا شوێنەکەی جێهێشتووە.
ئەفسەرەکەی هەواكگری پێشوو، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە لە کاری هەواڵگری لە بواری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکاندا روویدا، لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیران لەگەڵ ئێرانەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی خومەینی لە ساڵی 1979دا، هاتە سەر دەسەڵات و پاشان شارەزایییەکی نایابی لە بواری هێرشکردندا لەبەردەستدا بوو، جا لە ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆرکردن بێت یان بەکارهێنانی تەقەمەنی یان مادەی ژەهراوی.
جەختی لەوەشکردەوە، خومەینی لە ساڵی 1980دا سیاسەتی "هەناردەکردنی شۆڕش"ی پەیڕەو کرد، هەروەها هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە و کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە نێو خاکی عێراق و لەسەر سنوورەکان بە ئامانجی تێکدانی رژێمی ئەوکات ئەنجامدا، هەواڵگری هەستی بەو مەترسییە کرد کە لە ئێرانەوە دێت، بۆیە بەخێرایی هەوڵیدا تواناکانی بەشی تەقەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنی تایبەت پەرەپێبدات، داوای لە سەنتەری توێژینەوەی تەکنیکی کرد کە دامەزراندنەکەی لەلایەن دکتۆر نەعیم ئەلعەزاز سەرپەرشتی دەکرا، کار لەسەر دابینکردنی کەرەستەی تەکنیکی بۆ تەقەمەنی بکەن، کە لە دەرەوە هاوردەیان دەکرد و بەمەش هەواڵگری توانای وەڵامدانەوەی ئێرانی هەبوو.
جومەیلی روونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری، بەرزان تکریتی بەڕێوەچوو، بەشداربووان سەریان سوڕما لە کەسێک کە بە شێوەزاری میسری قسە دەکات، دواتر بۆمان دەرکەوت کە ناوبراو د.عەبدولمونعیم مەحمود ئەحمەد شارەزای بواری توێژینەوەی کیمیایی و بایۆلۆجییە و پۆستی راوێژکاری تەکنیکی بەڕێوبەری دەزگاکەی وەرگرتووە، ئێمە تێگەیشتین کە ئەو پیاوە بەرپرسیارە لە پەرەپێدانی توێژینەوە لە چەند بوارێکدا، لەوانە ماددە ژەهراوی و کیمیاییەکان، جگە لە سەرپەرشتیکردنی ستافی دروستکردنی ئامێری تەقەمەنی، ئەوە روون بووەوە کە پەیوەندیکردنی بە دەزگای هەواڵگرییەوە لە چوارچێوەی هاوکاریی هەواڵگریی میسر و عێراقدا نەبووە، بەڵکو لە سەردانێکی شاندێکی وەزارەتی بەرگری بۆ میسر بۆ وەرگرتنی هاوکاریی شارەزایانی میسری بۆ پەرەپێدان، ناوی ناوبراو وتواناکانی لە سوپا لە چەکی کیمیاییدا هێنراوە.
لەمیانی گفتوگۆکاندا میسرییەکان سەرنجی شاندی عێراقیان بۆ ئامادەبوونی کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ لە میسرەوە راکێشا کە لە زانکۆکانی عێراق کاردەکەن و دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت لە شارەزاییەکانیان، ئاماژەیان بە ناوی دکتۆر عەبدولمونعیم کردووە، کە ئەو پیاوە توانایەکی نایابی هەبووە و پێشتر لە سوپای میسر کاری کردووە و گەیشتووەتە پلەی جەنەراڵ، هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری کارگەیەکی کیمیایی لە میسری وەرگرتووە.
د.عەبدولمونعیم تاقیگەکانی دەزگای هەواڵگری لە ناوچەی سەلمان پاک دامەزراند، بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا سویسری و ئەڵمانییەکان، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی تاوانی دامەزراندووە، کە لە ساڵی 1981دا رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە چارەسەرکردنی شەڕەکانی رۆژهەڵاتی بەسرە و لەلایەن سەدام حسێن خەڵاتی ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێرسیدس پێ بەخشرا.
لە ساڵی 1986دا "پڕۆژەی غافیقی" دامەزرا، بۆ دروستکردنی کەرەستەی تەقەمەنی بە سەرپەرشتی عەبدولمونعیم و بە بەشداری تەکنیکی فەلەستینی، عەبدولمونعیم تا ماوەیەکی زۆر لە دەزگای هەواڵگری بەردەوام بوو، دوای هێرشەکانی هێزەکانی ئەمەریکا دەستگیرکرا و لە زینداندا گیانی لەدەستدا.
سەبارەت بە تیرۆرکردنی جۆرج بۆش سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا جومەیلی گوتی: ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بووە لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێل و دواتر هێرشی خۆکوژەکان کە جل و بەرگی تەقینەوەیان لەبەردا بوو.
هەروەها کاتێک دەزگای هەواڵگری لە بەرنامەی سەردانەکەی بۆش بۆ کوەیت ئاگادار بوو، هەواڵگری پێشنیارێکی پێشکەش بە سەدام حوسێن کرد بۆ پەسەندکردنی جێبەجێکردنی هێرشێکی خۆکوژی بە ئامانجی کوشتنی سەرۆکی ئەمەریکا لەوڵاتی کوێت، مەبەست لە ئۆپەراسیۆنەکە سزادانی بۆش بوو لەسەر ئەو کارانەی کە ئەمەریکا لە سەردەمی حوکمڕانیدا بەرامبەر عێراق و سوپاکەی کردوویەتی.
جومەیلی دەڵێت، پلانەکە ئەوە بوو کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکرۆزەر بۆمب رێژبکرێت بە چوار کەسەوە کە ئەوانیش پشتێنی بۆمب رێژکراو لەبەردەکەن، سێ کەسیان لە بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و یەکێکی دیکەیان لە کوەیتیەکانەوە، ئەرکی ئەو وەک رێبەرێک بوو لە بیابان بۆ بە بردنە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلەکە و جێبەجێکاران بۆ ناو کوێت، بڕیار بوو ئۆتۆمبێلەکە لە دوورەوە بتەقێنرێتەوە بە ئامانجی تێکدان و سەرلێشێواندنی کاروانەکە بۆش، پاشان قۆناغی دووەمی هێرشەکە خۆکوژەکان بە پشتێنەی بۆمب رێژکراو ئەنجام بدەن.
پرۆژەی غافیقی (M16) بە 100 کیلۆ تەقەمەنی ئۆتۆمبێلەکەی بۆمب رێژکردووە و بە شێوەیەکی شاردویەتیەوە کە ئاشکرا نەبێت، بە مەبەستی دڵنیابوون لە وردی شاردنەوە و نەدۆزینەوەی تەقەمەنیەکان ئۆتۆمبیلەکەیان پیشانی زیاتر لە پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل لە بەغداد دا بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکەن و بزانن ئایا بەر رووداوێک کەوتووە یان نیشانەی دەستکاریکردن یان هیچ چاکسازییەک هەبووە و دوای پشکنینیشیان گوتیان ئۆیۆمبێلەکە سەلامەتە و دەستکاری نەکراوە.
لەدرێژەی قسەکانیدا ئەفسەرەکەی هەواڵگری سەردەمی بەعس گوتی: بڕیار بوو ئۆتۆمبێلەکە دوای تێپەڕبوونی بە وڵاتێکی کەنداودا بچێتە ناو کوێت، دوتار گەیشتە شوێنی مەبەست، یەکێک لە جێبەجێکارەکان دەسەڵاتدارانی کوەیتی ئاگادار کردەوە و سەرجەم بەشداربووان دەستگیرکران و ئۆپەراسیۆنەکەش شکستی هێنا، کاردانەوەی ئەمەریکا ئەوە بوو کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1993دا بە 22 مووشەکی دوور هاوێژ هێرش کردە سەر باڵەخانەی هەواڵگری عێراق.

جومەیلی ئاماژەی بەوەشکرد، کەناڵی سوێس رێڕەوی سەرەکی تێپەڕینی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ ناوچەی کەنداوی فارس، بۆیە پلانێک ئامادەکرا بۆ داخستنی کەناڵەکە بە تەقاندنەوەی کەشتییەکی پڕ لە پاشماوەی ئاسن و چیمەنتۆ لە ناوەڕاستی کەناڵی سوێس بۆ رێگریکردن لە تێپەڕبوونی هێزەکانی ئەمەریکا بەو ناوەدا.
گوتیشی: کەشتییەکە لە بەندەری مومبای لە هیندستان لەلایەن بەشی پڕۆژەکانی دەزگای هەواڵگری بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشی (S.A.T) کڕدراوە، بڕیار بوو لە بەندەری عەدەن لە یەمەنەوە چیمەنتۆ لەکەشتیەکە باربکرێت، کە تیمی هەواڵگری کە لە 14 ئەفسەر پێکهاتبوون، لە نێویاندا خۆکوژێکی لە بەشی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان ئامادەبوو، پلانەکە ئەوە بوو کە 100 کیلۆگرام تەقەمەنی لە شوێنێکدا دابنرێت کە دەستبەجێ کەشتییەکە لە ناوەڕاستی کەناڵەکەدا نوقم بکات، هەموو قۆناغەکانی پلاندانان لە بەندەری عەدەن بە سەرپەرشتی ئەفسەری هەواڵگری (ح.ک.ح) تەواو بوو، کە ناوێکی خوازراوی هەڵگرتبوو بەناوی سەعد عەبدولعەزیز.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەفسەرە خۆکوژەکە لە ئەگەری مردنیدا وەسیەتنامەیەکی پەیوەست بە چاودێری خێزانەکەی بەجێهێشتبوو کە پێکهاتبوو لە هاوسەر و کچەکەی، بەڵام بەڕێوەبەری دەزگاکە مافی ئەوەی پێدا خۆی باز بداتە ناو ئاوەکە لە ساتەوەختی تەقاندنەوەکە، دواتر دەچێتە باڵیۆزخانەی عێراق لە قاهیرە، کە فەرمانی وەرگرتنی وەرگرتووە و دەستبەجێ بۆ بەغدا دیپۆرتدەکرێتەوە، پلانێک داڕێژرا بۆ ئەوەی ئەفسەرەکە لە خاڵێکدا بێت کە رێگەی پێبدات لە ساتەوەختی تەقینەوەکەدا بە سەلامەتی باز بدات.
چیمەنتۆ لە یەمەن بەردەست نەبوو، بۆیە کەشتییەکە بڕێکی زۆر لە ئاسنی خراپ بوو بارکرد، ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دواکەوتنی جووڵەی کەشتیەکە لە کاتی خۆیدا، رۆژێک پێش رۆشتنی کەشتییەکە بەرەو کەناڵی سوێس، سەدام حسێن فەرمانی دا ئۆپەراسیۆنەکە رابگیرێت، بەهۆی نەبوونی پەیوەندی نێوان بەغدا و دەرەوەی وڵات، یەکێک لە ئەفسەرانی هەواڵگری (خ.ش) ناچار بوو گەشت بکات بۆ عەممان بۆ دەستەبەرکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسەی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکەی عەدەن بوو، داوای لێبکات کەشتییەکە بگەڕێنێتەوە بۆ بەندەرەکە، ئەمەش بە هۆکاری پەیوەندیدار بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەستاندنی تەقە و پابەندبوونی عێراق بە راگرتنی هەموو کردەوە دوژمنکارانە و تیرۆریستییەکانی دەرەوەی وڵات، خۆشبەختانە کەشتییەکە هێشتا لە بەندەری عەدەن بوو، ئەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدرێت، عێراق دەبوو بە ملیارەها دۆلار قەرەبوو بداتەوە.
جومەیلی ئاماژەیبەوەشکرد، دوای ئەوەی فەرمانی راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکە دەرچوو، قورسترین ئەرک بریتی بوو لە دەرهێنانی تەقەمەنیەکان لە کەشتییەکە و فڕێدانی لە دەریادا و دابەزاندنی لە بارەکە و گۆڕینی ناوی کەشتییەکە، ئەمەش نزیکەی شەش مانگی دەویست، کاپتنی کەشتییەکە یۆنانی و تیمی کەشتییەکە هیندی بوو، بەڵام نەیاندەزانی چی بەسەر کەشتییەکەدا دێت.
بە ئامانجگرتنی بارێکی ئیسرائیلی بۆ ئامێرە ئەتۆمییەکان
هەواڵگری عێراق سەرچاوەیەکی هەبوو بە پلەی کاپتن کە لە بنکەی ئاسمانی هەمەدان لە ئێران بەناوی داریوش، ئەو کەسە زانیاری گرنگی سەبارەت بەو دیدارە نهێنیانەی پێداین کە لە نێوان پسپۆڕانی موسادی ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەفسەرانی هێزی ئاسمانی ئێران و دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران لە فەرەنسا ئەنجام دەدرا، کە مۆساد داوای لە ئێران کرد وێنەی ئاسمانی وێستگەی ئەتۆمی تەموز کە دەکەوێتە باشووری بەغدا بگرێت، هەروەها زانیاری دەربارەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی دەوروبەری وێستگەکە وەربگرێت بە ئامانجی داڕشتنی پلانیێکی هێرشی ئاسمانی بۆ لەناوبردنی وێستگەکە، هاوکات هەواڵگری زانیاری پێگەیشت کە ئیسرائیل پلانێکی داناوە بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر وێستگەی تەموز، زانیاریەکەش کە لە دەزگایەکی هەواڵگری دۆستەوە هاتووە کە پەیوەندی هاوکاریی هەواڵگریمان لەگەڵیاندا هەیە.
زانیاری پێشکەش بە سەرۆکایەتی کۆمار کرا لەگەڵ پێشنیارەکان سەبارەت بەو رێکارانەی کە پێویست بوو بۆ پاراستنی وێستگەکە بگیرێنەبەر، لەوانەش پێویستی جێگیرکردنی مووشەکی پێشکەوتوو لە دەوروبەرو و دەستەبەرکردنی چەترێکی ئاسمانی، بەڵام توانا ئاسمانییەکانی عێراق گونجاو نەبوون بۆ دابینکردنی ئەو رێوشوێنانە بەهۆی سەرقاڵبوون بە شەڕ لەگەڵ ئێراندا، تاوەکو ئیسرائیل کاتێکی گونجاوی هەڵبژارد و لە 7ی حوزەیرانی 1981 وێستگەکەی لەناو برد.
جومەیلی دەشڵێت: لە کۆتایی ساڵی 1982زانیاری گەیشتە وێستگەکەمان لە لەندەن لە سەرچاوەیەکی بەریتانی بە رەچەڵەک لوبنانی کە لە بەندەری لەندەن کاردەکات، سەبارەت بە بوونی بارێکی ئامێری ئەتۆمی لە یەکێک لە کۆگاکانی بەندەری لەندەن چاوەڕێیە بنێردرێت بۆ ئیسرائیل ، هەواڵگری عیراقیش ویستی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل هەبوو، دەستبەجێ بڕیاردرا پلانێک بۆ لەناوبردنی بارەکە دابڕێژرێت و دوو ئەفسەری هەواڵگری رەوانەی لەندەن کران کە یەکێکیان پسپۆڕی دروستکردنی تەقەمەنی (K.A.F.) و ئەوی دیکەیان پسپۆڕی پەیوەندییەکان بوو، هەروەها ئامێرێکی سووتێنەریان دروستکرد کە لە دوورەوە کاردەکات.
ئەو دوو ئەفسەرە شەوانە بە هاوکاری سەرچاوە لوبنانییەکە دزەیان کردە ناو بەندەرەکە و چوونە شوێنی بارەکە و ئامێرە سووتێنەرەکەشیان چاند، کە لە دوورەوە تەقێندرایەوە و ئەمەش بووە هۆی سووتانی تەواوەتی بارەکە، دواتر ئەو دوو ئەفسەرە چوونەتە فڕۆکەخانە بۆ ئەوەی لەندەن بەجێبهێڵن، بەڵام پێش رۆشتنیان دەستگیرکران، سزای سێ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.
دۆسیەی تیرۆرکردنی دی کوێلار

کاتێک جومەیلی ئەرکی خۆی وەک بەڕێوەبەری بەشی ئەمەریکا لە دەزگای هەواڵگری گرتە ئەستۆ، دۆسیەیەکی گەورەی دۆزیەوە کە لەسەری نووسرابوو "نهێنی سەرەوە"، بەدوایدا بگەڕێ و زانیاری ورد لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی خافێر پێرێز دی کوێلار نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بدۆزەرەوە، دۆسیەکە نەخشە و وێنە و پلانی تێدابوو کە دەرگای چوونە ژوورەوەی خانووەکە و ئەو رێگایانەی کە دەچنە سەری، لەگەڵ وەسفی تەواوی شوێنی ماڵەکە و دەوروبەری و رێوشوێنە ئەمنییەکان.
هەروەها زانیاری کەسی وردی لەبارەی ژیانی و هاوڕێکانی و جوڵەکانی و ئەو شوێنانەی کە ئاهەنگی تیدا دەگێڕێت و ئەو شوێنانەی کە زۆر سەردانی دەکات لەخۆگرتبوو، پرسیاری لە بەڕێوەبەری پێشووی فیرقەکە کرد، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "ئان دی کولەر" رۆڵێکی زۆر بەدخوازانەی گێڕا بە راگەیاندنی ئەوەی کە عێراق بەرپرسیارێتی هەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێران لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها داوای کرد کە عێراق قەرەبووی جەنگ بداتەوە ئێران، ئەو بەڕێوەبەرەی پێشوو رایگەیاندووە، کە دی کوێلار بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری دیپلۆماسە ئیتاڵییەکەی جیان دۆمێنیکۆ پیکۆ لەگەڵ ئێران رێککەوتنێکی دانوستانی کردووە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوانی رۆژئاوایی کە لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە دەستبەسەرکرابوون لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی دابینکردنی چەک و کەرەستەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا .
دەستگیرکراوەکان ئازاد کران و دی کوێلار عێراقی بە بەرپرسیاری شەڕەکە زانی، ئەمەش پێشێلکردنی بڕیارنامەی ژمارە 589ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان، رێککەوتنەکە لەگەڵ عیماد موغنیە، مستەفا بەدرەدین و هاشمی رەفسەنجانی ئەنجامدرا.
سەدام حوسێن بە قووڵی ناڕەحەت بوو بەهۆی ئەو هاوپەیمانییە سەیرەی دی کوێلار لەگەڵ ئێران، بۆیە فەرمانی پاکتاوکردنی دەرکرد، بەم شێوەیە ئەم زانیاریانە لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنی تایبەت کۆکرایەوە، جێبەجێکردنەکە وەستا دوای فەرمانی سەدام لە ساڵی 1994 بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، روونە کە نەبوونی هیچ ئاماژەیەکی نووسراو بە فەرمانی سەدام بۆ تیرۆرکردنی دی کوێلار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم فەرمانانە لەسەر کاغەز تۆمار نەکراون و بەم شێوەیە دی کوێلار تاوەکو تەمەنی سەد ساڵ ژیاوە.
لە ساڵی 2003 پێش هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق، دەزگای هەواڵگری بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری سەربازی، پلانێکی داڕشت بۆ هێرشکردنە سەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی "نیمیتز" لە ئاوەکانی کەنداو، بە بەکارهێنانی فڕۆکەوانێکی خۆکوژ کە فڕۆکەیەکی میگ-25ی پێبوو، بەهۆی توانای هێزەکانی ئەمەریکا بۆ لەکارخستنی هەموو بنکە ئاسمانییەکان، فڕۆکە خۆکوژەکە لە بنکەکەوە گواسترایەوە بۆ شوێنێکی دەرەوەی ئەو بنکە و لە شەقامێکی گشتیدا دانرا کە شەقامی ئۆتۆمبێلەکان بوو، لە نزیک بنکەی ئاسمانی بەلەد، کاتێک فڕۆکەوانەکە هەوڵیدا هەڵبفڕێت، دوو چرکە پێش ئەوەی بتوانێت بەرزبێتەوە، تایەی دواوەی بەر لێواری شەقامەکە کەوتووە، ئەمەش بووە هۆی سووتانی فڕۆکەکە و مردنی فڕۆکەوانەکە "ئەلجبوری" و ئۆپەراسیۆنەکە شکستی هێنا.