فاتیمە موهاجیرانی: دوو ساڵە خۆمان بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەکردووە
فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە وێستگەی کارەبای تەڕەشت، چەند پەیامێکی سیاسی و سەربازی و یاسایی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.
موهاجیرانی گەمارۆدانی کەشتییە ئێرانییەکانی لەلایەن ئەمریکاوە بە "چەتەگەریی دەریایی" و "بارمتەگرتن" ناوبرد، رایگەیاند، تاران لە 2024ەوە پلانی بۆ هەموو سیناریۆکان داناوە و رێکاری پێویستی بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان گرتووەتەبەر، جەختیشی کردەوە، پەیوەندییە باشەکانیان لەگەڵ دراوسێکان دەبێتە کلیلی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکرد، وێستگەی کارەبای نەکا تەنیا لە 99 رۆژدا و دوای هێرشەکان نۆژەنکراوەتەوە، کە ئەمە بە ریکۆردێکی جیهانی دادەنرێت. گوتیشی، "سەرەڕای ئەوەی دوو هەزار جار هێرش کرایە سەر ژێرخانی ئاو و کارەبای وڵات، بەڵام نەمانهێشت رووناکی لە ماڵی هاووڵاتییان بکوژێتەوە."
موهاجیرانی رایگەیاند، ئێران بە فەرمی لە رێگەی کەناڵە نێودەوڵەتییەکانەوە داوای قەرەبوو لەو دەوڵەتانە دەکات کە خاکی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێناوە، ئاشکرایشی کرد، وەزارەتی داد خەریکی بەبەڵگەکردنی زیانەکانە، بەتایبەت ئەو زیانانەی بەر شوێنەوارە مێژووییەکان کەوتوون.
لە کۆتایی قسەکانیدا، موهاجیرانی باسی لە پاڵپشتی بێسنووری حکوومەت بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران کرد، بەتایبەت دوای سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ کەمپی هەڵبژاردەکە، ئاماژەی بەوەشدا، پلان هەیە یاری دۆستانە لەگەڵ وڵاتی تورکیا ئەنجام بدرێت بۆ ئامادەکارییەکانی مۆندیال.