پۆلیسی ئێران ئاشکراکردنی بنکەیەکی سیخوڕی رادەگەیەنێت
فەرماندەیی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە هەواڵگرییەکانیاندا لە تاران، توانیویانە دەست بەسەر یەکەیەکی نیشتەجێبووندا بگرن کە وەک بنکەیەکی سیخوڕی بۆ بەرژەوەندی دوژمنەکان بەکارهاتووە.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی ئێران کە ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، بڵاوکراوەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی وردی هەواڵگریدا شوێنی ئەم یەکەیە لە ناوچەی "یوسف ئاباد"ی پایتەخت دەستنیشان کراوە، ئاماژە بەوەش دراوە، شوێنەکە بە تەکنەلۆژیای ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک" تەیار کرابوو و بۆ مەبەستی سیخوڕی بەکارهێنراوە.
ئەم راگەیاندنەی پۆلیس لە کاتێکدایە کە باس لە هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرێت.
پۆلیسی ئێران دەڵێت: "ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە، ناردنی زانیاری، هەواڵ و وێنە بووە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان و کەناڵە دژبەرەکانی دەرەوەی وڵات، کە ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەقەڵەم دەدرێت."