پرۆژەی 'هاوڕێی ژینگە' لە ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت
بۆ بایەخدانی زیاتر بە ژینگەی هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی ئەم بابەتە لە پرۆگرامی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە رەشنووسێکی ئامادە کردووە و لەگەڵ چەند وەزارەتێک و دەستەی ژینگە تاوتوێیان کردووە، بڕیارە بەم نزیکانە بکرێتە پرۆژەیەک و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن.
رەگەز رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا رەشنووسی پرۆژەیەکی نوێمان بەناوی "هاوڕێی ژینگە" بۆ بایەخدانی زیاتر بە ژینگەی کوردستان ئامادەکردووە و لە داهاتوودا دەکرێتە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن.
رەگەز رەشید گوتیشی: رەشنووسەکە لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ وەزارەتەکانی شارەوانی، کشتوکاڵ، رۆشنبیری و دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێکراوە و کۆپی رەشنووسەکەیان پێشکەشکراوە تا تێبینی و سەرنجەکانیان بخەڕوو.
هەروەها ئاماژەیدا، ماوەیەک دیاریکراوە بۆ کۆکردنەوەی تێبنییەکان، دواتر رەشنووسەکە دەکرێتە پرۆژیەک و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
هەر لە بارەی پرۆژی هاوڕێی ژینگە، سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـ گوتی: هەفتەیەک دراوە بە وەزارەتەکان بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانیان پێشکەش بکەن، تاوەکو هەموار و پاشان وەک پرۆژەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بکرێتەوە و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت،.
سەبارەت بە ناوەرۆکی پرۆژەکە، سەنعان عەبدوڵڵا گوتی "بەرنامەیەکی رێکوپێک لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی منداڵان لە باخچەی ساوایانەوە تاکو پۆلی 12 ببن بە دۆست و هاوڕێی ژینگە، پڕۆژەکە چەند قۆناغێکی جیاواز لەخۆ دەگرێت و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە."
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژەیدا، دوای پەسەندکردنی پرۆژەکە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەوە بە فەرمی رادەگەیەنرێن و وردەکارییەکان بڵاو دەکرێنەوە.
دوێنێ دووشەممە، 27ی نیسان، لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە پرۆژەی (هاوڕێی ژینگە، بۆ ژینگەیەکی جوانتر) تاوتوێ کرا و خرایەڕوو؛ ئەم پڕۆژەیە وەک نەخشەڕێگایەکی ستراتیژی کار دەکات بۆ بابەتی ژینگەپارێزی لەناو ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستاندا.

