ئەرسەلان بایز: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو

ئەرسەلان بایز
ئەرسەلان بایز

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پەیامەکەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو، داواشی کرد پەیامەکەی جێبەجێ بکرێت لەبەرئەوەی ماڵی کورد پێویستی بە ئارامییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، ئەرسەلان بایز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی، رایگەیاند، کردنەوەی ئەم یادگەیە زۆر هەنگاوێکی گرنگە کە بەشێکە لە خەباتی میللـەتی کورد و سەرکردەکانی.

ئەرسەلان بایز، ستایشی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لە رێورەسمەکە کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، زۆر گرنگ و مێژوویی بوو، داواشی لە پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنەکان کرد کار بۆ جێبەجێکردنی بدەن و روونیکردنەوە، کە ماڵی کورد پێویستی بە ئارامییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.