نەوزاد هادی: دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی مژدە بەخش و دڵخۆشکەربوو بۆ هەموو خەڵکی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا رایگەیاند، کردنەوەی یادگەی نیشتیمانیی بارزانی، مێژووی خەباتی گەلی کورد نیشان دەدات بە هەموو خەڵکی عێراق، کە مێژووی خەباتی کوردستان رەوا بووە. هەروەها راشیگەیاند، دەستپێشخەری جەنابی سەرۆک مژدە بەخش و دڵخۆشکەربوو بۆ هەموو خەڵکی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ــی ئایاری 2023)، نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانی رایگەیاند، یادگەی نیشتیمانی بارزان دەستکەوتێکی گەورەیە بۆخۆمان و بۆ نەوەی داهاتوومان و بۆ ئاگەداربوون لە مێژووی پڕ سەروەری کورد.

نەوزاد هادی، باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی  سەرۆک بارزانی، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان جەخت لەسەر تەبایی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرایەوە.

هەروەها راشیگەیاند، دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە کوردییەکانیش، مژدە بەخش و دڵخۆشکەربوو بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، کە پرسەکان لەناو کوردستان بە تەبایی لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ چارەسەربکرێت.

لەبارەی کێشەکانی پارێزگای نەینەوا، نەوزاد هادی رایگەیاند، کێشەکانی نەینەوا زۆرن و "بە تایبەت بوونی حەشدی بابلی"، هەروەها ئەو کارانەی ئەوان دەیکەن بووەتە جێگەی نیگەرانی هەموو کریستیانەکان و پیاوانی ئاینی ناوچەکە.

هەروەها گوتیشی، حەشدی بابلی گرفت لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەش دروست دەکەن، لە دەستدرێژکردن لەسەر ماڵ و موڵکییان، هەروەها ئەو هەڵسوکەوتانەی ئەوان دەیکەن دوورە لە هەڵسوکەوتی خودی کریستانەکان و بوونەتە هۆکاری کێشە و نا سەقامگیری نەینەوا.

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا، جەختی لەوەشکردەوە، بوونی حەشدی بابلی، بووەتە هۆکارێکی سەرەکی کە پارێزگای نەینەوا ئاوداننەکرێتەوە، هەروەها زۆرینەی کریستانەکانیش بەهۆی ئەو هۆکارە نەگەڕاونەتەوە بۆ پارێزگای نەینەوا، لە کوردستان ماونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/5/2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی دەیان کەسایەتی سیاسی کوردستانی و عێراقی و بیانی، لە بارزان یادگەی نیشتمانیی بارزانی دەکرێتەوە، کە مۆزەخانە بەشێکی سەرەکی یادگەکەی پێکهێناوە.