فەرەیدوون عەبدولقادر: پەیامی سەرۆک بارزانی لە ئاستی گەورەیی خۆیدا بوو

فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتمەدار
فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتمەدار

K24 - هەولێر:

سیاسەتمەدارێکی کورد، پەیامەکەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بە گرنگ وەسفکرد و رایگەیاند، پەیامی سەرۆک بارزانی پەیامێک بوو لە ئاستی گەورەیی خۆیدا بوو، هەروەها لە ئاستی ئەو رووداوانەشدا بوو کە لە کوردستان و دونیادا هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ــی ئایاری 2023) فەرەیدوون عەبدولقادر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان، بە کوردستان24ــی رایگەیاند، ئەم رێوڕەسمەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی کە پێی هەڵسابوو، کارێکی گرنگ و جێی بایەخ بوو بۆ میللـەتی کورد.

هەروەها راشیگەیاند، پێویستە هەموو لایەک بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە دەستبخەنە ناو دەستی یەکتر و ببینە پارێزەری گەلەکەمان و پێشخستنی هەرێمەکەمان.

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەمووان  پێکەوە کۆببینەوە رێز لەو پەیامەی سەرۆک مەسعود بارزانی بگرین.

فەرەیدوون عەبدولقادر گوتیشی، ئێمەش لای خۆمانەوە هەوڵدەدەین ئەو ئاشتەوایی و برایەتییەی نێوانمان پتەوتر بکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.