وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت: نەوتی هەرێم بە هەمان کۆمپانیاکانی پێشوو دەفرۆشرێت

کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت

K24 – هەولێر:

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت ئاشکرایکرد، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەمان بڕی پێشوو دەستپێدەکاتەوە و بەو چوار کۆمپانیایەش دەفرۆشرێتەوە کە پێشتر نەوتی هەرێمی کوردستانیان پێفرۆشراوە.

ئەمرۆ هەینی (12ـی ئایاری 2023)، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت بەکوردستان24ی راگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق پێی راگەیاندوون نووسراویان بۆ لایەنی تورکی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهەمان بڕی پێشوو و بەنرخی سۆمۆ.

کەمال محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد تاوەکو ئێستا تورکیا وەڵامی داواکارییەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی نەداوەتەوە کە بە نووسراوی فەرمی لە رۆژی (10ـی ئایاری 2023) ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری تورکی کردووە.

وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت روونیکردەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە (4ـی نیسانی 2023) بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی واژووکرا، داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخی سۆمۆ دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکی کە خەرجکردنی لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان کەسێک ئەو رایدەسپێرێت دەبێت و بەپێی گرێبەستی کۆمپانیاکان شایستە داراییەکانیان دەدرێتەوە.

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بودجە، کەمال محەممەد روونیکردەوە، دوای پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان، پشکی هەرێمی کوردستان چەندبوو ئەوا لەو داهاتە دەدرێت، ئەگەر زیاتر بوو رادەستی بەغدا دەکرێت و ئەگەر کەمتریش بوو ئەوا بەغدا بڕی بودجەکە تەواو دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئەو بڕەی پشکی هەرێمی کوردستانە.