پەكەكە هەڵوێستی دیار نییە
هێشتا لەبارەی كودەتاكەوە هەڵوێستیان ڕانەگەیاندووە
K24 - هەولێر:
تا ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لەبارەی هەوڵی كودەتا سەربازییەكەی توركیا و ئەو دۆخە نوێیەی لە توركیا هاتووەتە ئاراوە هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕانەگەیاندووە.
لە شەوی ڕابردووەوە كودەتایەكی سەربازی لە توركیا ئەنجامدراوە و تا ئێستاش بەشێك لەو ئەفسەر و سەربازانەی بەشداری كودەتاكەن، بەردەوان لەسەر بە ئەنجامگەیاندنی ئەو ئامانجەی كە كودەتایان بۆ كردووە، بەڵام تا ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستان هەڵوێستی فەرمی و ڕوونی لەبارەی ئەو بارودۆخە نوێیەوە ڕانەگەیاندووە.
لە كاتێكدا پەكەكە خۆی بە نەیاری سەر سەختی دەوڵەت و حكومەتی توركیا دەناسێنێت، بەڵام تا ئێستا لە هیچ ڕوویەكەوە هەڵوێستی ڕوون نییە.
جیاواز لەو كار و كردە چەكدارییانەی كە هەركات لە ناوچەیەكی توركیا ئەنجام دەدران، یەكسەر بەرپرسانی توركیا پەنجەی تۆمەتیان بۆ "پەكەكە" درێژ دەكرد، ئەم جارە ئاماژەكان ڕوو لە "پەنسلڤانیا" یە كە شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونی "فەتحوڵڵا گویلەنی ڕێبەری گروپی خزمەتە.