قوتابخانە کۆنەکانی شاری هەولێر نۆژەن دەکرێنەوە

قوتابخانە کۆنەکانی شاری هەولێر نۆژەن دەکرێنەوە
قوتابخانە کۆنەکانی شاری هەولێر نۆژەن دەکرێنەوە

K24 - هەولێر:

لە شاری هەولێر قوتابخانە کۆنەکان نۆژەن دەکرێنەوە و لە هەندێک قوتابخانەش هۆڵی خوێندنی نوێ دروست دەکرێن، ئەو شوینانەی پێویستیان بە قوتابخانەی نوێش هەیە، بۆیان دروست دەکرێت، بەرێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێریش ئاماژەی بەوەدا: "لە داهاتوودا زیاتر لە 200 قوتابخانەی دیکە نۆژەن دەکەینەوە".

لوقمان سەعید بەرێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، بە کوردستان24ــی راگەیاند، لە پرۆسەی یەکەم 154 قوتابخانە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر نۆژەن کراوەتەوە، هەروەها 99 ژوور بۆ قوتابییان دروستکراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەی قوتابیان لە پۆلەکاندا رێکبخرێن و کەمبکرێنەوە.

بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا: "لە داهاتوودا زیاتر لە 200 قوتابخانەی دیکە نۆژەن دەکەینەوە".

به‌گوێره‌ی داتاكانی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر، تەنیا لە سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ 1600 قوتابخانەی حکومی ھەیە و نزیکەی 500 هەزار قوتابی تێیدا دەخوێنن و هەوڵیش دەدرێت لە داهاتوودا قوتابخانەی زیاتر دروست بکرێن بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی قوتابیان لە هۆڵەکانی خوێندندا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، زیوەر سابیر بەڕێوەبەری گشتی بیناسازی لە وەزارەتی پەروەردە، رایگەیاند، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، هەروەها راشیگەیاند، به‌پێی پلانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی 2023، نزیکەی 450 قوتابخانە نۆژەن دەکرێنەوە.

ده‌شڵێت: "پلانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی 2023، نۆژەنکردنەوەی نزیکەی 450 قوتابخانە و  دروستکردنی نزیکەی 360 ژووری زیادە لە قوتابخانەکان، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان".

هەروەها راشیگەیاند، گوژمەیەکیش تەرخانکراوە بۆ کڕینی کەلوپەلی فێنککردنەوە و خۆ گەرمکردنەوە، لەگەڵ پێداویستیەکانی دیکە وەک تەختەی نووسین، مێز و کورسی، لەگەڵ ئامێری ئەلیکترۆنی وەک کۆمپیتەر و داتاشۆ.

بەڕێوەبەری گشتی بیناسازی لە وەزارەتی پەروەردە، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، دانانی سیستمی خۆر یەکێکە لە پلانەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابخانەکان، سەرەتا نزیکەی 300 قوتابخانە سوودمەند دەبن لەو سیستمە.

جەختی لەوەشکردەوە، سیستمی خۆر سیسته‌مێکە دۆستی ژینگەیە و بارگرانی کارەباش کەمدەکاتەوە لەسەر حکومەت.

زیوەر سابیر، باسی لەوەشکرد، دەزگای خێرخوازی بارزانی چەندین ساڵە پاڵپشتی کەرتی پەروەردە دەکەن، بە تایبەت  لە سێکتەری نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، هەروەها ساڵی 2022 نزیکەی 200 قوتابخانە لەلایەن دەزگاکە نۆژەن کراونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment