ژمارەیەک خێزانی کورد لە مووسڵ مافی هاووڵاتیبوونیان پێنادرێت
K24 - هەولێر:
ژمارەیەک خێزانی کوردی باکووری کوردستان 50 ساڵە لە پارێزگای مووسڵ نیشتەجێنە و تاکو ئێستا مافی هاووڵاتیبوونیان پێنەدراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە (16ــی ئایاری 2023)، ئیسماعیل ئەحمەد، یەكێک لەو کەسانەی کە لە باکووری کوردستانەوە هاتووەتە شاری مووسڵ، بە کوردستان24ــی راگەیاند، لە تەمەنی 14 ساڵییەوە هاتووەتە شاری مووسڵ، تاکو ئێستا رەگەزنامەی عێراقی پێنەدراوە، تەنانەت خانووشیان لەسەر ناوی خۆیان تاپۆ نەکراوە.
لەمبارهیەوە، نایف شەممەری، ئهندامی پهرلهمانی عێراق، بە کوردستان24ــی راگەیاند، "ئامادەم لیستی ناوەکان بگەینمە وەزیری ناوخۆ، کە چەند ئاستهنگیان بۆ دروستبووە و ماوەیەکی زۆرە لێرە نیشتەجێنە و تاکو ئێستا مافی هاووڵاتیبوونیان پێنەدراوە".
هەروەها راشیگەیاند، ئەوان مافی خۆیانە رەگەزنامەی عێراقییان پێبدرێت و بە عێراقی هەژماربکرێن.
دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ــدا، لە عێراقی نوێدا بەشێک لەو کوردانەی کە کۆچیان کردبوو بۆ پارێزگاکانی عێراق چاوەڕێبوون مافی هاووڵاتیبوون بەدەستبهێنن، بەڵام دوای چەندین ساڵ و گۆڕانی چەندین حکومەت و پێدانی چەندین بەڵین، تاکو ئێستا ئەو هاووڵاتییانە نەبوونەتە هاووڵاتی عێراقی.