هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پلان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دادەنێن
K24 – سلێمانی
شاندێكی باڵای سەربازیی عێراق سەردانى سلێمانیان کرد و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە راوێژکار و پلەداری هاوپەیمانان لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
ئامانج لە دیدار و كۆبونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكاندا، هەروەها ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی عێراقی، چونكە ماوەیەكە لە سنووری میحوەرەکانى 1، 2، 3 و 4ی جموجۆڵی داعش دەستیپێکردووەتەوە، بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكان، ئەگەر ئەو جموجۆڵەیان بنەبڕ نەكرێت لە داھاتوودا مەترسی زیاتر دروست دەکەن.
ژمارەیەک لە راوێژکار و پلەداری هاوپەیمانان، بەشداریان لە کۆبوونەوەکەی فەرماندەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا کرد.
مەردان چاوشین، بەرپرسى میحوەرى قەرەتەپە - حەمرینى هێزەکانى پێشمەرگە بە کوردستان24ی گوت: "لە کۆبوونەوەکە باسمان لەوەکرد دەبێ لەمەودوا پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئاستی سریەکانیش شۆڕبێتەوە".
هەر پەیوەست بە کۆبوونەوەکە و جموجۆڵەکانی داعش، مستەفا چاوڕەش بەرپرسى هێزەکانى 70ی پێشمەرگە دەڵێت: "ئومێد دەکەم کۆبوونەوەکەمان ئەنجامی باشی هەبێ و هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پەرەی پێبدرێت".
فەرماندەکانى فەرماندەیی دیالە، کەرکووک، دووزخورماتووی سوپای عیراق، بۆ هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگەدا، ئامادەییان دەربڕی و بۆ ئەنجامدانى هەر ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی فەرماندە عێراقییەکان بەڵێنى پاڵپشتى ئاسمانى دەدەن.
ساڵح حزر ناسر، فەرماندەى هێزى پیادەى هەشتى سوپاى عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی عێراقی لە ئێستاوە دەست دەکرێت بە ئۆپەراسیۆنی فراوان و گەورە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش هەر بۆ ئەو مەبەستە بوو".