رووسیا هەڕەشە لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات

فڕۆکەی F-16
فڕۆکەی F-16

K24 - هەولێر

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا هەڕەشە لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات و پێیان دەڵێت، نابێت فڕۆکەی ئێف - 16 بە ئۆکرانیا بدەن.

ئەلێکساندەر گروشکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، هەڕەشەی لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد و دەڵێت: رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە ئەگەر فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن.

رۆژی هەینی، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بە سەرکردەکانی گروپی حەوتی راگەیاند، واشنتن پشتیوانی لە بەرنامەی راهێنانی هاوبەشی هاوپەیمانان دەکات بۆ فڕۆکەوانانی جۆری F-16 ی ئۆکرانیا.

بایدن پێشتر داواکارییەکانی بۆ دابینکردنی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ ئۆکرانیا رەتکردبووەوە، بۆ ئەوەی ناکۆکیەکانیان لەگەڵ روسسیا زیاتر نەبێت.

لەژێر فشاری ئۆکرانیا و ئەوروپا و فشارە ناوخۆییەکانی کۆنگرێس و سەرکردە باڵاکانی سەربازی پێنتاگۆن، بایدن رازی بوو بەوەی رێگە بە وڵاتانی ئەوروپا بدات سیستەمی ئاسمانی نوێ بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن، لەوانە "F-16"، بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی رووسیا.

بایدن رەزامەندی پێویستی بەو وڵاتانە داوە کە پێشتر فڕۆکەی F-16 یان لە ئەمەریکا کڕیوە بۆ ناردنیان بۆ کیێڤ، وەک وڵاتانی پۆڵەندا، ئەلبانیا، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال و تورکیا خاوەنی ئەم فڕۆکە جەنگییە مۆدێرنەی ئەمەریکان.

وەزیری بەرگری دانیمارک رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشداری دەکات لە مەشقکردن بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان لەسەر فڕۆکەی جەنگی " F-16".