هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان
K24 - هەولێر
هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام لە کۆبوونەوەدان و تاوتوێی پرسی هەڵبژاردن، کورسی پێکهاتەکان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن، پێکهاتەکان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن؛ بە سەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام کرد و لەلایەن فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەب سیاسی پارتی و ئەندامی مەکتەب سیاسییەکەوە پێشوازیی لێکرا.
ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتی دوای ئەوە دێت کە 16ی ئەم مانگە شاندی هەردوولا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایگەیاند: "هەردوو لا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەن".
دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ گفتوگۆ و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت. لەو چوار چێوەیەشدا رۆژی هەینی رابردوو 19/5/2023، هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لەبارەی پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.