کۆمارییەکان: بەرزکردنەوەی قەرزی گشتی ئەمەریکا بۆ 31 ترلیۆن دۆلار قبوڵکراو نییە

K24 - هەولێر

رۆژی شەممە، دانوستانەکانی نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان گەیشتە قۆناغێکی ئاڵۆز و کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە مەرجە "زیادەڕۆییەکانیان" بۆ بەرزکردنەوەی قەرزە گشتییەکان رەزامەندی جۆو بایدن بەدەست ناهێنن.

پاتریک ماکهنری، نوێنەری کۆمارییەکان رایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان کۆشکی سپی و دانوستانکارانی کۆمارییەکان سەبارەت بە بەرزکردنەوەی قەرزەکانی ئەمەریکا، بەبێ رێککەوتن کۆتایی هات، ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیا نییە دانوستانکاران دەگەنە ئەو ئامانجەی کە کیڤن مەکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوای دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەرزکردنەوەی قەرزەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا.

گارێت گڕاڤس، نوێنەری کۆمارییەکان دەڵێت: کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا دیارینەکراوە.

بەڵام بایدن لە لوتکەی گرووپی جی حەوت لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: هێشتا باوەڕم وایە کە دەتوانین خۆمان لە نەدانی قەرز بەدوور بگرین.

دیموکراتەکان و کۆمارییەکان سەرقاڵی شەڕێکی سیاسین کە نازناوی ئابوورییەکەی پەیوەستە بە بەرزکردنەوەی قەرزە گشتیەکان، بەبێ ئەوەی بگەن بە چارەسەرێک، پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی کە رەنگە واشنتن نەتوانێت پابەندبوونی دانەوەی قەرزەکان جێبەجێ بکەن.

کۆمارییەکان کە زۆرینەیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانن، داوا دەکەن بایدن لە سەرەتادا بەڵێن بدات بە کەمکردنەوەی بودجە، بۆ ئەوەی رازیبن لەسەر بەرزکردنەوەی قەرزەکان. لای خۆیەوە ئیدارەی دیموکراتەکان پێی وایە کۆمارییەکان هەنگاوەکە دەگۆڕن بۆ چەکێکی سیاسی لە بەرامبەر بایدن، چاویان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ساڵی 2024ـە.

کارین جان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: ئیدارەی دیموکراتەکان هێشتان گەشبینن. بەڵام بێن لابۆڵت بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی دەڵێت، هیواکان کەمن بۆ رێککەوتن.

بەرپرسەکەی دیموکراتەکان لە راگەیەندراوێکدا گوتی: کۆمارییەکان ئابووریان بە بارمتە گرتووە، هانمان دەدەن بۆ نەدانی قەرز، ئەمەش وای لێدێت ملیۆنان هەلی کارمان لەدەست بچێت و وڵات بەرەو پاشەکشەی ئابووری هەنگاو بنێت.

 جەختیشی لەوە کردەوە، کە بایدن پێشنیارەکانی کۆمارییەکان قبوڵ ناکات، بەڵام رێگایەک هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دوولایەنە، ئەگەر کۆمارییەکان بە نیەتێکی باشەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.

حکومەتی ئەمەریکا پێویستی بە قەرزکردنی پارەی زیاترە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە خەرجییەکان، ئەمەش بەو مانایەیە کە رەتکردنەوەی کۆمارییەکان بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی قەرزەکان رێگری دەکات لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، ئەمەش کاردانەوەی دەبێت پێدەچێت درێژبێتەوە بۆ ئابووری جیهانی.

کۆمارییەکان پێیان وایە کە بەرزکردنەوەی قەرزی گشتی بۆ زیاتر لە 31 ترلیۆن دۆلار رێکارێکی قورسە بۆ قبوڵکردن، دەبێت هاوسەنگییەکی لە نێوان هاوردە و خەرجییەکاندا هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەیەوێت ئەو بەربەستانە بشکێنێت کە لە بەردەم رێککەوتنەکانی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان هەیە، سەبارەت بە بەرزکردنەوەی قەرزی گشتی.

بایدن لە نزیکەوە چاودێری دانوستانەکانی سەبارەت بە چوارچێوەی بودجەی هەردوو حیزب و پێویستی بەپەلەی کۆنگرێس کردووە، بۆ ئەوەی خۆی بەدووربگرێت لە شکست.

سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند " ئەم بەیانییە لە لایەن تیمەکەیەوە زانیاری نوێی پێگەیشتووە سەبارەت بە دۆخی دانوستانەکان، جۆو بایدن داوای لە تیمەکەی کردووە لەگەڵ مکارتی خشتەیەکی تەلەفۆنی بۆ دیاری بکەن.

قەیرانەکە وای لە بایدن کرد نیوەی گەشتەکەی بۆ ئاسیا کەم بکاتەوە و سەردانی پاپوا گینیای نوێ و ئوسترالیا بکات.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا، جانێت یێلن، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئەمەریکا لەوانەیە لە 1 ی مانگی حوزەیران دەست بکات بە شکستهێنان، لە کاتێکدا نوسینگەی بودجەی کۆنگرێس پێشبینی دەکات ئەو کارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا ئەنجام بدرێت.