لیژنەی دارایی چەند ماددەیەکی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوجە یەکلایی دەکاتەوە

K24 – بەغدا
چەند رۆژێکە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەرقاڵی کۆبوونەوەن بۆ وردبینی لە ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: لیژنەکە چەند ماددەیەکی تایبەتی بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق یەکلایی کردووەتەوە.
بههۆی تهواو نهبوونی كارهكانی لیژنهی دارایی له ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق، لەم هەفتەیە كۆبوونهوهی پهرلهمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە ئهنجام نهدرا، ههرچهنده زۆرینهی پهرلهمانتاران لهگهڵ پهسهندكردنی بودجهی عێراقن، بهڵام ههندێكیشیان بهشێكی بڕگهكانی ناو پڕۆژهیاسای بودجه به ناڕوون دهزانن و دهڵێن: ئامادهنیین بهو جۆره دهنگی پێبدهن.
بڕیار بوو رۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی تێپەڕاندنی بودجەی 2023 و2024 و 2025 کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر ماددەکانی بودجە لەناو لیژنەی دارایی نەتوانرا کۆبونەوە ئەنجام بدرێت.
سیپان عەزیز، ئەندامی فراکسیونی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "چەند ماددەیەکی پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پەسندکراون، هەندێکی دیکەش ماون".
هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگیش بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەن بەشێکی دیکەشیان دەڵێن: ماددەکانی بودجە روون نین بۆیە دەنگی لەسەر نادەین.
یاسر حوسەینی، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: "تا ئەم ساتە نیازمان نییە دەنگ لەسەر بودجە بدەین، ئەوەیش تەنیا لەبەر یەک هۆکار، کە ماددە و بڕگەکانی بودجە روون نییە، چونکە هەندێک ماددە بە فیڕۆدانی پارەی گشتی تێدایە".
سوننەکانیش تێبینیان لەسەر یاسای بودجە هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ ئەوەن بەزووترین کات بودجە پەسەند بکرێت، چونکە وەکخۆیان دەڵێن، بودجە پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتیانەوە و ناکرێت دوابخرێت.
لەوبارەوە رەعەد دەهلەکی، ئەندامی هاوپەیمانێتی عەزم لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "تا ئێستا هیچ کێشەیەک لە یاسای بودجە نییە و تێبینیمان لەسەر هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ پەسەند کردنین و ئاواتە خوازین کە هەموومان بەیەکەوە و بەکۆی دەنگ تێیپەڕێنین".