مەکارتی هۆشداری لە مەترسی نەدانەوەی قەرزە نیشتیمانییەکانی ئەمەریکا دەدات

کیڤن مەکارتی
کیڤن مەکارتی

K24 - هەولێر

کیڤن مەکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هۆشداری دا لە مەترسی نەدانەوەی قەرزە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا.

مەکارتی لە تویتێکدا رایگەیاند: تەنها 10 رۆژ ماوە بۆ دانەوەی قەرزە نیشتمانییەکان، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوای دانوستانەکانم کردووە، بەڵام بەهۆی بێهەڵوێستییەکەیەوە، دەبینین مەترسی ئەوە هەیە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەمەریکادا رووبەڕووی نەدانەوەی قەرزەکان ببینەوە.

ماکارتی، داوای کردووە "لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا دانوستان لەسەر قەرزی نیشتمانی بکرێت، بەڵام جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی نەدایەوە و تەنها لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا گوتویەتی ئەم گفتوگۆیە پێویستە".

دوێنێ مەکارتی بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەدا کە، "بڕینی خەرجییەکانی بەرگری لە کارنامەی دانوستانەکانی نێوان دەسەڵاتداران و کۆنگرێسی ئەمەریکادا نییە، سەبارەت بە کێشەی بەرزکردنەوەی  قەرزە نیشتمانییەکان".

گوتیشی: سەرۆکی ئەمەریکا تازە بەشداریی لە لوتکەی گرووپی جی حەوت کردووە کە تیایدا باسی لەوە کرد کە چین چی دەکات، هەروەها دەبینین چی لە ئۆکرانیا روودەدات و ئەو بڕە چەکانەی کە داوەتە ئۆکرانیا، نامانەوێت ئەمەریکا ئەوە بکات، بۆیە بڕینی خەرجییەکانی بەرگری نابێت لە بەرنامەی کاردا بێت.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس هۆشداری داوە کە تا 1ی ​​حوزەیران، ئەگەری زۆرە ئەمەریکا نەتوانێت پابەندبوونەکانی بەدانەوەی قەرزەکان بە تەواوی جێبەجێ بکات، ئەگەر یاسادانەران پێش ئەو وادەیە رێگە بە زیادکردنی سنووری قەرزکردن نەدەن.

قەرزەکانی ئێستای ئەمەریکا گەیشتووەتە 31.4 تریلیۆن دۆلار، بەوهۆیەشەوە ئەمەریکا بەشداریکردنی لە سندووقە کۆمەڵایەتییەکان بۆ فەرمانبەرانی وڵات راگرت.