ئێران: بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بە واتای شەڕێکی بەرفراوانە

K24- هەولێر
ئێران، راگەیەندراوەکەی ئیسرائیل سەبارەت بە ئامادەیی خۆی بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران وەک تیرۆری فەرمی زانی، دەشڵێت، "بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە واتای گڕگرتنی شەڕێکی بەرفراوان دێت کە ئیسرائیل بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت".
بەرپرسێکی ئێرانی، بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرابکات بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاند، "هەڕەشەکانی ئیسرائیل پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە ئەو وڵاتە بنەمای نائەمنی و نا سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، هەروەها رەنگدانەوەی قووڵایی کێشە ناوخۆییەکانیەتی".
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتیشی: ئیسرائیل بە قۆناغێکی لاوازی ناوخۆیی بێ وێنەدا تێدەپەڕێت و هەوڵدەدات بەهێز دەربکەوێت، هەروەها ئێران شەڕخواز نییە، بەڵام دەبێت جیهان بزانێت هیچ هێڵی سوور لە وەڵامدانەوەی تاران بۆ ئیسرائیل نییە.
دەشڵێت: ئیسرائیل هەوڵ دەدات پاساو بۆ هێرشەکانی بۆ سەر سوریا بهێنێتەوە و ترسی ئەوەی هەیە دیمەشق بە هاوکاری ئێران بەرگری ئاسمانی خۆی بەهێزتر بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیسرائیل لاوازییەکی ناوخۆیی بێ وێنە بەخۆیەوە دەبینێت و هەوڵدەدات بەهێز دەربکەوێت.
رۆژی سێشەممە،23ی ئایاری2023، هێرزی حەلەوی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل توانای لێدانی ئێرانی هەیە ئەگەر پێشکەوتنی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا ببێتە هۆی پێشکەوتنی نەرێنی لە ناوچەکەدا.
هالیڤی روونی کردەوە کە ئەم جۆرە کارانە لە لایەن ئیسرائیلەوە دەکرێت لە ئەنجامی ئەو پێشکەوتنانەی تاران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەدەستی هێناوە.