پزیشکانی سوودان هۆشداری دەدەن لە کەمی دەرمان و خزمەتگوزاریە پزیشکیەکان

K24 - هەولێر

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە سوودان، دانیشتوانی خەرتومی پایتەخت و بەشێک لە شارەکان بەدەست داڕمانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆی ئەو زیانانەی بەر هەندێک نەخۆشخانە و دامەزراوە پزیشکییەکان کەوتوون.

پزیشکانی سوودان بە ماڵپەڕی "حورە"یان راگەیاند، گومانیان هەیە لەو لێدوانە فەرمییانەی باس لە دابەشکردنی یارمەتییە پزیشکیەکان دەکەن بەسەر هەموو وڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، جەختیش دەکەنەوە کە سوپای سوودان لانیکەم نیوەی ئەو هاوکارییانە بەدەست دەهێنێت.

پزیشکانی سوودان هۆشداریان دا لە بەردەوامی کەمی دەرمان، بەتایبەت بۆ ئەو نەخۆشانەی بەدەست نەخۆشی درێژخایەنەوە دەناڵێنن وەک شێرپەنجە و نەخۆشی گورچیلە و نەخۆشی دیکە کە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی بەردەوام هەیە.

وەزارەتی تەندروستی سوودان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، "گەیاندنی پێداویستییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هێشتا لە زۆربەی شارەکان بەردەوامە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "پێداویستی پزیشکیان لە 10 دەزگای نێودەوڵەتی و هەرێمی وەرگرتووە"، وەکو خۆی بە بەردەوامی بەسەر ناوچەکانی سوودان دابەش دەکرێت.